هەپەگە: ١١ گەریلامان بە چەکی کیمیایی شەهید بوون کە گەریلایەک خەڵکی شاری سلێمانیە
3 ساڵ لەمەوپێش
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، ١١ گەریلایان لە هێرشی سوپای تورکیادا بە چەکی کیمیایی شەهید بوون کە گەریلایەکیان خەڵکی شاری سلێمانی باشوری کوردستانە.
هەپەگە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە راگەیەندراوێکدا ناسنامەی ١١ گەریلای ئاشکرا کرد کە گەریلایەکی شەهیدیان بە ناوی باوان محەمەد خەڵکی شاری سلێمانی باشوری کوردستانە.
هەپەگە دەڵێت، ئەو ١١ گەریلایە لە ٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی زاپی دەڤەری بادینانی هەرێمی کوردستان، بە چەکی کیمایی شەهیدکراون.
پێشتریش، هەپەگە ناسنامە ١٧ گەریلای ئاشکرا کردبوو کە بە چەکی کیمایی شەهیدکراون و دیمەنی دوو گەریلای بڵاوکردەوە کە چەکی کیمیایی کاریگەریەکی زۆر لەسەریان دروست کردبوو و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو.
پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە بەرامبەر گەریلاکانی پەکەکە، لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و داوا دەکرێت، شاندی نێودەوڵەتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لێکۆلینەوە لەم پرسەدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
