'پێویستە فەرەنسا دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکەی پاریس نیوەچڵ نەهێڵێتەوە'
3 ساڵ لەمەوپێش
ساڵح موسلیم داوای لە حکومەتی فەڕەنسا کرد کە دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس بە جددی وەربگرێت و بۆ ئەوەی راستی و دروستی خۆی پیشان بدات، دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکە نیوەچڵ نەهێڵێتەوە.
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوارنیوز، ئاماژەی بە هێرشی سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس کرد کە بەوهۆیەوە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، میر پەروەر هونەرمەندی باکوری کوردستان و چالاکوانێک بەناوی عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون و سێ هاوڵاتیش بریندار بوون.
هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن
ساڵح موسڵم وتی، تاوەکو ئێستا پیلانی لەناوبردنی کورد کە لەساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد بەردەوامە. پلانەکە دوای تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ دەستی پێکرد. هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای کوردستان. ئێستاش بۆ لەناوبردنی کورد هەموو هەوڵێک دەدەن. لەدژی گەریلاکان چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنن. بینییان کە ناتوانن رۆژئاوای کوردستان لەناوببەن، بۆیەش دەستیان بە پلانی تیرۆرکردن کرد. هێرشەکەی پاریس لەم چوارچێوەیەدا بوو."
ئیمڕالی خاڵی سەرەکیە
هاوسەرۆکی پەیەدە دەشڵێت، ناوی سی پی تی پشتگیریکردنی ئەشکەنجەیە، نەوەک رێگریکردن لە ئەشکەنجە. بەداخەوە ئەو رێکخراوە بووە چاودێری ئەشکەنجە. لەبەرامبەر گۆشەگیری ئیمڕالی بۆ سەر عەبدوڵلا ئۆجالان خۆی بێدەنگ کردووە و وتی، " ئەشکەنجە دەروونی و جەستەیی لە ئیمڕالی هەیە. لەم دۆخەدا خۆکەڕکردن هەڵوێستێکی نامرۆڤانەیە."
فەڕەنسا ناتوانێت خۆی لەم تاوانە رزگار بکات
موسلیم ئەوەشی خستەڕوو، لە باکوری کوردستان و تورکیا سیاسەتمەداران دەستگیر دەکرێن و لە دەرەوەش کۆمەڵکوژی دەکەن و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " ١٢ رۆژ لەمەوبەر بکوژەکەی پاریس لە زیندان ئازادکراوە. لە زیندان کێ بەخێوی کردووە کە هاتە دەرەوە کورد بکاتە ئامانج. دەوڵەتی فەڕەنسا ناتوانێت خۆی لەم تاوانە رزگار بکات. ئەگەر ١٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنی کورد لە پاریس روون و ئاشکرا بکرایە، ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵکوژیە ئەنجام نەدەدرا. بۆیەش پێویستە فەرەنسا دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکەی پاریس نیوەچڵ نەهێڵێتەوە."
