سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان:ئەمساڵ بەبڕی نزیکەی 16 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە کراوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە".

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 29ـی کانوونی یەکەم) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان دراوە بە بازرگانان".

بەشێک لەو ژمارە و ئامارانەی سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان خستییەڕوو:

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 291 کارگە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە کە لەو ژمارەیە سێ هەزار و 805 کارگە لە هەولێر و هەزار و 70 کارگە لە سلێمانی و 416 کارگە لە دهۆکن هەروەها لە هەرێمی کوردستان 582 کارگە مۆڵەتی سەرەتاییان وەرگرتووە کە لەو ژمارەیە، 385 کارگە لە هەولێر، 193 کارگە لە سلێمانی و 34 کارگە لە دهۆکن".

گوتیشی: "ژمارەی ئەو کارگانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دوو هەزار و 197 کارگەیە و لەو ژمارەیە، هەزار و 346 کارگە لە هەولێر، 552 کارگە لە سلێمانی و 298 کارگە لە دهۆکن".

باسی لەوەشکرد،لەکۆی ئەو چوار هەزار و 291 کارگەیەی لە هەرێمی کوردستانن، سێ هەزار و 282 کارگەیان بچووکە، 648 کارگەی مامناوەند و 260 کارگەشیان گەورەن.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆی ڕایگەیاند: هەر بەرهەمێک 25%ـی پێداویستی ناوخۆیی دابینبکات، بەرهەمەکانی پارێزراو دەبێت و هاوردەکردنی هاوشێوەی ئەو بەرهەمە، بەهای گومرگی و باجی زیاتری دەخرێتەسەر، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکە بەردەوام بێت، هەروەها  تا ئێستا 150 بەرهەم گەیشتووەتە ئەو ئاستەی 50%ـی پێداویستی ناوخۆی پڕبکاتەوە، نموونە شیرەمەنی، بەروبوومی کشتوکاڵی (بەپێی وەرزەکان)، جوجکی یەکڕۆژە و مریشک و پەلەوەر، پاککەرەوە، کەرەستەی بیناسازی وەک شیش و چیمەنتۆ و خشت.

هاوکات لە 65% بۆ 70%ـی بەرهەمی کارگەکان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێن

وتیشی، بەرهەمی کارگەکان لەو بوارانەدان: شیش و چیمەنتۆ، کانزا، لە بواری پلاستیک کارگە هەیە کە 260 جۆر پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، خۆراک، رستن و چنین، کیمیایی، سلیلۆس، ئامێر، مۆبیلیات، خزمەتگوزاری، پاککەرەوە، دەرمان، زەیتی زەیتون، رۆنی ئۆتۆمبیل.

بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، ئەمساڵ پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان دراوە بە بازرگانان و خۆراک لە پلەی یەکەمی ئەو کاڵایانە بووە کە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.

لەبارەی ئەو کاڵایانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "ساڵی 2022 خۆراک بە پلەی یەکەم بووە، بەروبوومی کشتوکاڵی بە پلەی دووەم، ڤێتەرنەری پلەی سێیەم، ئاژەڵی زیندوو پلەی چوارەم، پزیشکی بە پلەی پێنجەم بۆ هەرێمی کوردستان هاوردەکراوە".

باسی لە کۆمپانیاکانیش کردوگوتی ، لە هەرێمی کوردستان 31 هەزار و 27 کۆمپانیا تۆمارکراون و بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، لەو ژمارەیە 27 هەزار و 713 کۆمپانیای خۆماڵین، سێ هەزار و 314 کۆمپانیاش بیانین.

لەبارەی رێژەی کۆمپانیا بیانییەکان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان رایگەیاند: "تورکیا 44٪ی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و ئێران 10٪، ئەمریکا 6٪، بەریتانیا 5٪، ئوردن 4٪، وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی و چینی و رووسی و وڵاتانی دیکە 31٪ی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار