ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 104 رۆژە بەردەوامە

حکومەتی نوێی ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



ئەمڕۆ 104 رۆژە ناڕەزاییەتییەکان بەردەوامە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەوت کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەسفەهان و تاران ئەهواز بەڕێوچو، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل رایگەیاند؛ کار سەرەکیی حکومەتەکەی گورز وەشاندن دەبێت لە بەرنامە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئیتاڵیا داوای راگرتنی سێدارە و گۆڕینی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکات.

چلەی مەرگی گەنجێکی ناڕەزایەتییەکانی دێولان بەڕێوچو

چلەی مەرگی موحسین نیازی یەکێک لە گەنجانی کوژراوی شاری دێولان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەچو و لە رێوڕەسمەکەشدار وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر لەسێدراەدان، پەتی سێدارە سوتێنرا.

موحسین نیازی تەمەن 32 ساڵ، شاخەوان و وەزشکاری کورد لە رێکەوتی (20/1/2022) بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی شاری دیوڵان کوژا.

چلەی کوژراوێکی تاران توندوتیژیی تێکەوت

لە تاران چلەی مەرگی حەمیدڕەزا روحی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو لە گۆڕستانی (بەهەشتی زەهرا) بەڕێوچو و لە رێوڕەسمەکەشدا دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەر بەشداربوان.

حەمیدڕەزا روحی تەمەن 19 ساڵ لە ناوچەی (شەهرێ زیبا)ی تارانی پایتەختی ئێران بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان پێکرا و گیانی لەدەستدا.

هاوکات لە شاری ماڵێ میر(ئیزە) لە پارێزگای خوزستان کە دانیشتوانی لە پێکهاتەی لوڕ-ن بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر چلەی مەرگی میلادی سەعیدیان و سپێهر مەقسودی تەمەن 14 ساڵ  بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانی ئێران وترایەوە.

لە شاری ئەسفەهان بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە چلەی مەرگی عەلی عەباسی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەرێوچو.

لە شاری مەرودەشت-ی پارێزگای فارس چلەی مەرگی ئارمان عەبادی بەڕێوچو و لە شاری ئەهواز لە باشوری ئێران کە دانیشتوانی لە نەتەوەی عەرەب-ن چلەی عاتیفە نێعمانی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بەرێوچو ئەو خانمە 37 ساڵ تەمەنە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

خانمێکی کورد بە تۆمەتی بێڕێزیی بە خامنەیی سزای 65 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا

 

موژگان کاوسی، نوسەر و چاکوانی سیاسیی کورد کە پێشتر تۆمەتی هەوڵدان دژی کۆماری ئیسلامی و هاندان بۆ جەنگ و تێکدانی ئاسایشی ئێرانی دراوبوە پاڵ سزای 65 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

ئەو خانمە کوردەی نیشتەجێی پارێزگای مازەندەران لە باکوری ئێران لە دانیشتنی دادگادا ئەستۆ پاکیی سەلمێنرا و مەترسیی لەسێدراەدانی لەسەر نەماوە بەڵام دادگا بە تۆمەتی بێڕێزیی بە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.        

ئیتاڵیا بەهۆیی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران هۆشداریی دەداتە ئێران

جیۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، رۆژی پێنجشەممە لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵی 2022 رایگەیاند؛ ئەوەی ئێستا لە لایەن دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خەڵک و خۆپیشاندەران دەکرێت بۆ رۆما قبوڵکراو نییە و چیتر لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دان بەخۆماندا ناگرین.

 میلۆنی وتی: ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕێت ئەوا ئیتاڵیا و وڵاتانی هاوپەیمانی سزای توند و کاریگەری دژی ئەو دەسەڵاتە دەسەپێنن.

لێدوانەکانی میلۆنی لە کاتێکدایە رۆژی چوار شەممە باڵیۆزۆی ئێران لە رۆما بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کرا و پێی راگەیەنرا دەبێت بە زوترین کات سزای سێدراە و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە راگیرێت.

ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی دوو دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی لە مەشهەد و تاران لەسێدارە داوە و سزای سێدارەش لانیکەم 100 کەس دەگرێتەوە و 59 کەسیش کە 15 گەنجی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج مەترسیی لەسێدراەدانیان لەسەرە.

حکومەتی نوێی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەکات

بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل ئەمڕۆ لەگەڵ پێشکەشکردنی ناوی ئەندامانی کابینەکەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) رایگەیاند؛ کاری سەرەکیی حکومەتەکەی بەرەنگابونەوەی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبێت.

 

هەناردەی ئێران بۆ چین کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردو تۆمار دەکات

گومگرگی وڵاتی چین بڵاوی کردوەتەوە ؛هاوردەی کاڵای ئێران بۆ وڵاتەکەی لە مانگی رابردودا 326 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا پێشتر ئێران مانگانە بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ چین ناردوە.

بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ژمارەیەک بازاڕ و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن کاسبکارانەوە وەک ناڕەزایەتییەک داخران.

زیاتر لە سێ  مانگە دابەزینی بەهای تەمەن بەردەوامە و تەنها لە یەک ساڵدا تمەن 70٪ی بەهاکەی بەرامبەر دراوی دۆلار لەدەستداوە.

بەهای مۆبایلی (ئایفۆن 13) لە ئێران گەیشتە 100 ملیۆن تمەن

بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای هەر دۆلارێک بۆ زیاتر لە 44 هەزار و 400 تمەن، حکومەتی ئێران دەیەوێت فرۆشتنی مۆبایلی گرانبەها لە وڵاتەکەی قەدەغە بکات چونکە نرخی مۆبایلێکی جۆری (ئایفۆن13 )ی پرۆماکس ئەمڕۆ پێنجشەممە لەو وڵاتە گەیشتە 100 ملیۆن تمەن ئەوەش لە کاتێکدایە داهات و حەقدەستی مانگانەی کرێکارێک لەو وڵاتە ناگاتە حەوت ملیۆن تمەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار