خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوا هۆشداریی دەداتە دیمەشق؛ هەڵەیەکی مێژوویی دەکەن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر کۆبوونەوەی سووریا، تورکیا و ڕووسیا هۆشداری دەداتە دیمەشق دەڵێت، بە هاوکاریکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی “هەڵەیەکی مێژوویی دەکات”.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی سووریا، ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی سووریا و تورکیا و ڕووسیا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا کۆبوونەوە.

حەسەن کۆچەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی دیمەشق و ڕژێمی تورکیا، سووریا دەکاتە تۆنێلێکی تاریک.

کۆچەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ئەوەشی وتووە:”دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئامانجی داگیرکردنی خاکی سووریایە لەسەر حسابی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەک ئەوەی لەگەڵ لیوا سکەندەرۆن و عەنتاب کردی”.

هۆشداریشیدا لەوەی، ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان سووریا و تورکیا بە سپۆنسەری ڕووسیا، دەبێتە هۆی دابەشبوونی سووریا.

جەختیشیکردەوە:”خەڵکی ناوچەکە بەرخۆدان دەکەن و ئەو ڕێککەوتنانە ڕەتدەکەنەوە، ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بڕیاری ئەم هێرشە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا بدرێت، ئەوە هەڵەیەکی مێژووییە کە حکومەتی دیمەشق دەیکات”.

کۆچەر داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا کرد، کە هاوکار نەبن لە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، کە چارەسەری قەیرانی سوریا لە جێبەجێکردنی سیستەمێکی لامەرکەزیدایە لە سەرتاسەری خاکی سووریا و وتی:”دەبێت بەرهەمە سروشتییەکانی سووریا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر خەڵکی سووریادا دابەشبکرێت، سەرچاوە ژێر زەوینییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها موڵکی خەڵکی ئەم ناوچەیە نییە، بەڵکو موڵکی هەموو سوورییەکانە”.

وتیشی:”ئەم جۆرە چارەسەرانە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سووریا چارەسەر دەکرێت، داواش لە حکومەتی دیمەشق دەکەم، لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بگەنە ڕێککەوتن”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار