هەسەدە: ٤٠ تیرۆریستی داعش دەستگیرکران

3 ساڵ لەمەوپێش



هەسەدە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی 'هەورە بروسکەی جزیرە'دا ٤٠ تیرۆریستی دیکەی داعش لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، راگەیەندراوێکی لەبارەی، ئۆپراسیۆنی 'هەورە بروسکەی جەزیرە' بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەدا کە هێزەکانیان بە پاڵپشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستیان پێکردووە، هەڵمەت و چاودێریکردنی تیرۆریستەکانی داعشیان لە هەرێمەکانی هۆڵ، تەل حەمیس و تەل بەراک زیاتر کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا، لە کۆتایی رۆژی سێیەم و سەرەتای ئەمڕۆ کە چوارەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکەیە، ٤٠ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون کە بەشێکیان بەرپرسی گەورەن لەنێو تیرۆریستاندا و کاری دابینکردنی لۆجیستی و جبەخانە دەکەن.

حەفتەی رابردوو، لە رەقە و دەورەبەری، تیرۆریستانی داعش دوو جار هێرشیان کردە سەر ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و لە ئەنجامدا ٧ شەڕڤان و ئاسایش شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

دوای هێرشەکانی داعش، هەسەدە، ئاسایش و هاوپەیمانان لە ناوچەکە دەستیان بە ئۆپراسیۆنێکی فراوانی ڕاماڵین و لەناوبردنی شانە شاراوەکانی داعش کرد و ئۆپراسیۆنەکە چوار رۆژە بەردەوامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار