هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا بەردەوامە و شەش سەربازی سوریا بریندار بوون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانی چەندین گوند و ناوچەی رۆژئاوای کوردستانیان تۆپباران کرد و لە ناوچەی شەرای عەفرینیش شەش سەربازی رژێمی سوریا بریندار بوون.
سوپای تورکیا ئەمڕۆ رێگەی نێودەوڵەتی ئێم٤ و گوندی سەیدای رۆژهەڵاتی شاروچەکی عەین عیسایان بە چەکی قورس تۆپباران کرد.
هەروەها گوندی خرێبکێی سەر نە ناوچەی شێراوای کانتۆنی عەفرین لەلایەن تۆپخانەکانی سوپای تورکیاوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، گوندی بێنێی سەر بە ناوچەی شێراواش تۆپباران کراوە.
ئاژانسی هاوار راشیگەیاند، بارەگایەکی سەربازی رژێمی سوریا لە گوندی ئەلقەمیەی ناوچەی شەرای عەفرین لەلایەن چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە تۆپباران کراوە و بەوهۆیەوە شەش سەربازی رژێمی سوریا بریندار بوون.
لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان چڕتر بوونەوەتەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە ئاماری ئەمساڵی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا رایگەیاندبوو، ئەمساڵ لە کۆی ١٧٨ شەڕڤانی شەهید، ٩٥ شەڕڤانیان لە شەڕی بەرامبەر تورکیا شەهید بوون.
