ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 107 رۆژە بەردەوامە

بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە پێنج کۆمپانیا هێڵەکانی مۆبایلی ئێران لە مایەپوچبون نزیک دەبنەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 107 رۆژە بەردەوامە و ئەمڕۆش لە چەند شارێک دوکان و بازاڕەکان بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی جوانڕۆ نەکرانەوە و هێزە ئەمنییەکانیش ژمارەیەک گەنجیان دەستگیر کرد و پێنج کۆمپانیای هێلەکانی مۆبایل نزیکبونەوەیان لە مایەپوچبون ئاشکرا بو و بەهای دۆلار جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و کورتهێنانی بودجە لە ئێران گەیشتە زیاتر لە چوار ملیارد دۆلار.

رۆژی یەکشەممە لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای کرماشان دوکان و بازاڕەکان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی و پشتیوانیی لە شاری جوانڕۆ نەکرانەوە و لە شاری تاران و ئەسفەهان و چەند شارێکی دیکە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە شێوازی جیاواز بەردەوامبو.

لە شارەکانی جوانڕۆ و ئیلام و کرماشان و سنە و چەند شارێکی دیکە دەستگیرکردنی گەنجان بەردەوامە و بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 10 کەس  لەو بەشەی کوردستان دەستگیرکراون و چارەنوسیشیان هاوشێوەی دەستگیرکراوانی رابردو نادیارە.

ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنیی و سەربازیی ئێران بە شاری سەمیرۆم لە پارێزگای ئەسفەهان بڵاوەیان پێکرا و سوپای پاسدارانیش کوژرانی ئەندامێکی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە پشتڕاست کردەوە و سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردوە؛  دەیان کەس لە شارەکە دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بون.

گەنجانی سەمیرۆم شەوی یەکشەممە بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان و بەرەنگاربونەوەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و لە کۆڵانەکانی ئەو شارەش هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە گەنجان کرد.

زانکۆی (ئەمیر کەبیر)لە تاران ئاشکرای کرد؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە 40 خوێندکاری زانکۆکە لە پڕۆسەی خوێندن دورخراونەتەوە و تا ئێستا دۆخی خوێندن لە زانکۆکە ئاسایی نەبوەتەوە.

تا ئێستا 144 زانکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە و لانیکەم دو هەزار خوێندکاری ئەو زانکۆیانە دەستگیر کراون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ناسنامەی 683 خوێندکاری دەستگیرکراوی ئەو زانکۆیانەیان ئاشکرا کردوە.

سەرۆکی یەکێتی ئامێرەکانی پەیوەندیی لە ئێران پشتڕاستی کردەوە کە لانیکەم 800 ئامێری (ستارلینک) بۆ پەیوەندیی بە ئینتەرنەتی بێ چاودێریی و فیلتەر (ئازاد) لە وڵاتەکە کەوتوەتە کار و وتیشی پێدەچێت لە داهاتودا ژمارەیەکی زۆری ئەو ئامێرە بە نهێنی لە ئێران کاریان پێبکرێت.

پێشتر ئیلۆن ماسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئیکس رایگەیاندبو؛ بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان 100 ئامێری ستارلینک رەوانەی ئێران کراوە بۆ ئەوەی خەڵک سود لە ئینتەرنێتی بێ چاودێریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەرگرێت.

دوای ئەوەی بە گۆڕینی پارێزگای بانکی ناوەندیی ئێران هەوڵی دابەزاندنی نرخی دۆلار درا، جارێکی دیکە بەهای ئەو دراوە بەرزبونەوەی لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا تۆمار کردەوە و بەهای هەر دۆلارێک لە 39 هەزار تمەنەوە بۆ 41 هەزار و 300 تمەن بەرزبوەوە کە پێشتر بەهاکەی 44 هەزار و 500 تمەن بو.

میدیای ئێران لە زاری بەڕێوبەری ناوەندی بودجەی وڵاتەکە بڵاوی کردوەتەوە کورتهێنانی بودجە دەگاتە زیاتر لە چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.

ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ فرۆشی پاکەیجەکانی ئینتەرنێتی پێنج کۆمپانیای هێڵەکانی مۆبایل 60% بۆ 70% کەمی کردوە و کۆمپانیاکانی خستوتە لێواری مایەپوچبونەوە .

بە پێی خەمڵاندنەکان بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و سنوردارکردن و چاودێریی ئینتەرنێت لە ئێران زیانی زیاتر لە چوار ملیارد دۆلار بەو کۆمپانیانە گەیشتوە و زیاتر لە 450 هەزار کەسیش روبەڕوی زیانی ماددی و لەدەستدانی کارەکانیان بونەتەوە.

 

دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیا هۆشداریی دەدات لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران چاودێریی نەیارانی لە ئەڵمانیا دەکات بۆ زیانگەیاندن پێیان.

تۆماس هاڵدنوانگ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ لە وڵاتەکەی زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتیی خاوەن ناسنامەی ئێران دەژین کە زۆربەیان نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن بۆیە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەوڵی ئاشکراکردنی دۆزینەوە و زیان پێگەیاندنیان دەدات.

سەرۆکی ئاسایشی ئەڵمانیا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەشی کرد بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و دۆخی نائاسیی سەرتاسەری ئێران سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن چونکە ژیانیان پارێزراو نابێت.

ئێران لە هەنگاوێکی نوێدا بە کورتە نامە، ژنان و کچان ئاگادار دەکاتەوە لە نەبونی سەرپۆش و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە هەنگاوێکی نوێ بە ناوی پلانی (چاودێرانی 1) هۆشداریی دەدرێت لە لابردنی سەرپۆشی خانمان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا.

ئەو ئاژانسە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی پۆلیسی ئێران کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رایگەیاندوە؛ لەمەودوا خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلک لە وڵاتەکە ئەگەر خانمی بێسەرپۆش یان شۆفێرەکەی پابەندی سەرپۆش و یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ باڵاپۆشبون نەبێت ئەوا بە کورتەنامە و لە رێگەی مۆبایلەوە ئاگادار دەکرێتەوە.

بە پێی لێدوانی ئەو بەرپرسە؛ یەکەمجار تەنها کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان دەنێردرێت بەڵام لە قۆناغەکانی دیکەدا سزای ماددی بۆ پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەسەپێنریت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە دەستی بەکارەکانی کردوەتەوە لە کاتێکدا دو مانگ دوای مەرگی ژینا ئەمینی، داواکاری گشتی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەشە لە پۆلیسی راگەیاندبو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار