شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغدا کۆدەبنەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا کۆببنەوە.
ئەحمەد هەرکی، کادری پێشکەوتوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ماڵپەڕی (المدى)ـی راگەیاندوە، لەوانەیە لەم هەفتەیەدا کۆبونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکەنەوە و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەکرێت، چاوەڕێش دەکرێت بۆ رێککەوتنی کۆتایی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەندین کۆبونەوەی چڕوپڕ لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدات.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەم قۆناغدا شاندی هەرێمی کوردستان سەرنجی زیاتر لەسەر پرسەی بودجەیە، بەڵام پرسەکانی دیکەی وەک یاسای نەوت و غاز رەهەندێکی سیاسی هەیە و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆ لەسەر کردوە و هەوڵی پەسەندکردنی دەدرێت.
هاوکات ەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە، بەهۆی ناجێگیری نرخی نەوت، ناکۆکی نێوان لایەنەکان و یەکلایینەکردنەوەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئامادەکردنی رەشنوسی بودجە دوادەکەوێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ و خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات.
