شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند ،لە ڕۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین لە دەریای سوورەوە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ ئەبێتەوە کە زیاتر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چالاک ئەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی وتی، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەمەوە ٤-١-٢٠٢٣ شەپۆلێکی بارانبارین لە دەریای سوورەوە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ ئەبێتەوە کە زیاتر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چالاک ئەبێت و بەرێژەیەکی مامناوەند لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە وە بەھۆی بەردەوامی بەرزەپاڵەپەستۆی باکوری تورکیا کاریگەریەکانی لاواز ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین زیاتر ئاسمانی ناوچەکە دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەندێک کات و ناوچەش ئەگەری نمە باران بۆ بارانێکی کەم ئەبێت.
وتیشی ،پلەکانی گەرماش لەناوچەکانی سنوری گەرمیان ٥ تا ٧ پلە نزمدەبنەوە لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم ٢ تا ٣ پلە ،خێرای با لەو ماوەیەدا لەسەرخۆ ھەندێک کاتیش مامناوەند چالاک ئەبێت ١٠ تا ٢٥کم/س لە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵاتەوە .
ئەوەشی ڕونکردەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە نیوەرۆی رۆژی پێنجشەمەوە ٥-١-٢٠٢٣ لەسەر زۆربەی ناوچەکان کۆتای دێت و بەڵام لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی گەرمیان و سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی بە لاوازی تا ئێوارەی رۆژی ھەینی ٦-١-٢٠٢٣ درێژەی ئەبێت بەشێوەی ناوبەناو ھەندێک کات باران ئەبارێتەوە.
ئەو شارەزایە باسی لەوەشکرد، گۆرانکاریەکان بۆ ماوەکانی داھاتوو دڵخۆشکەرن بەتایبەت لە دوای ١٠ی مانگەوە ئەگەری ئەوە ھەیە کاریگەری ئەو بەرزەپاڵەپەستۆیانەی باکوری ناوچەکە لاواز ببێت و نەمێنێت ئەمەش ئەبێتە ھۆی گەرانەوەی کەشێکی باراناوی بۆ سەرتاسەری ناوچەکە بەچەند قۆناغێکی جیاواز.
