حوکمەتی عێراق بە فەرمی بیمەی تەندروستی ڕاگەیاند و بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حوکمەتی عێراق بە فەرمی بیمەی تەندروستی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا سبەینێ کارا دەکرێت، بڕیارەکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
لە ڕاگەێندراوەکەی حوکمەتی عێراقدا هاتووە، سبەینێ فۆرمێک لەسەر وێبسایتی وەزارەتی تەندروستی عێراق کارا دەکرێت و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت پڕی بکەنەوە، بەپێی بڕیارەکە حوکمەتی عێراق لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لەسەرانسەری عێراقدا لەهەموو پارێزگاکان دیاری ئەکرێن و بەخۆڕایی چارەسەر وەردەگرن.
بەپێی بڕیارەکەی حوکمەتی عێراق هەموو ئەوانەی کە لەژێر سەرپەرشتی وچاودێری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیدان دەتوانن سودمەندبن لەم بیمەی تەندرووستیە، هەروەها ئەوانەشی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بە خۆڕایی دەتوانن دەرمان وەربرگرن.
لەبارەی شێوازەکانی سودمەندبوون لە بیمەی تەندرووستی و چۆنیەتی ڕێکار ومەرجەکان هێشتا زانیاری ورد و تەواو نەخراوەتە ڕوو، بەڵام وەک بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایانگەیاندووە بەم نزیەکانە هەموو زانیاریەکان دەخرێنە ڕوو.
یاسای بیمەی تەندروستی، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستوردا هەیە و بەپێی ئەم بڕیارە فەرمانبەری ئاسای %١ لە مووچەکەی دەبڕدرێت، هەروەها فەرمانبەری پلە تایبەت %٢،٥ موچەکەی لێدەبڕدرێت.
