ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 108 رۆژە بەردەوامە

دوو گەنجی دیکەی تەمەن 18 و 19 ساڵ سزای سێدراەیان بەسەردا سەپێنرا

3 ساڵ لەمەوپێش



دوای 108 رۆژ بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەی بەسەر دو گەنجی  دیکەی 18 ساڵ و 19 ساڵدا سەپێنرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسم چلەی مەرگ و یادی لەدایکبونی کوژراوان بەڕێوچو و لە شارەکانی مەهاباد و مەشهەد و کەرەج و تاران  و تەبرێز ناڕەزایەتییەکان بەرفراوان بون.

ئەمڕۆ دوشەممە ژمارەیەک زۆر لە هێزی ئەمنی و سەربازیی لە ناو شاری جوانڕۆ بڵاو کرایەوە و بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش سەرجەم شەقام و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکە بە هێزی سەربازیی تەنراوە و کەشێکی سەربازیی باڵی بەسەر جوانڕۆدا کێشاوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند ئەمڕۆش زیاتر لە حەوت گەنج تەنها لە شاری جوانڕۆ دەستگیر کراون و نزیکەی 15 کەسیش لە دێولان و سنە و مەهاباد و قوروە چەند شارێكی دیکەی ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکراون.

خەڵکی شاری مەهاباد ئێوارە ئەمڕۆ دوای بەشداریی لە چلەی مەرگی شەماڵ خەدیریپور دەستیان بە ریپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە کرد و دروشمیان دژی دەسەڵات بۆ پشتیوانیی لە شاری جوانڕۆ وتەوە و خۆپیشاندانەکانیش بە شەو بەردەوام بو.

 

هاوژینی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور مەراسیمی چلەی مەرگی ئەو گەنجەی مەهاباد کۆپلەیەک لە شێعری (کۆچ)ی شاعیری ناوداری کورد ،شێرکۆ بێکەس دەخوێنێتەوە و روو لە گڵکۆی هاوژینەکەی دەڵێت: ئێستاش وا بیر دەکەمەوە کە تۆ چووی بۆ شاخ و هەموو ئێواران چاوەڕێ دەکەم بێیتەوە.

شەماڵ خەدیری پور تەمەنی 32 ساڵ بو کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان پێکرا و دواتر گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ لە دێولان یادی 19 ساڵەی لەدایکبونی رەزا لوتفی لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا و دوای رێوڕەسمە جەماوەریەکەش ناڕەزایەتیی لە شارەکە دەستی پێکردەوە.

ڤیدیۆ؛ رۆژی یەکشەممە یادی 22 ساڵەی لەدایکبونی مێهران شکاری یەکێک لە کوژراوانی شاری کەرەج لە زێدی خۆی لە شاری میاندواو بەڕێوچو و شینی دایکیشی ئازارەکانی ئەو مەرگە تازە دەکاتەوە.

دادگای باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دوای پێداچونەوە بە دۆسیەی محەمەد برۆغنی تەمەن 19 ساڵ، جەختی لە سزای سێدارەی ئەو گەنجە دەستگیرکراوەی ناڕەزایەتییەکانی شاری پاکدەشت لە کەرەج کردەوە.

ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی مەهدی محەمەدی فەرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە باکوری وڵاتەکە دەستگیر کراوە سزای دوجار سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.

مەهدی مەحەمەدی فەرد بە پێی دو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای شاری ساری بە تۆمەتی دژایەتی خودا و دروستکردنی مەترسیی بۆ ئاسایشی دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای دوجار سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەمڕۆ 600 هونەرمەندی جیهان لە نامەیەکدا دوای ئازادکردنی تەرانە عەلی دوستی، هونەرمەندی ناوداری ئێران کرد.

ناوەندی هەرانا بڵاوی کردەوە لە 107 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 512 کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە پێی ئامارەکانی دەسەڵاتیش 63 چەکدار و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار