ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 109 رۆژە بەردەوامە

داوای سزادانی زیاتری دەسەڵاتی ئێران دەکرێت بۆ ئەوەی دۆخی خۆپیشاندەران خراپتر نەبێت

3 ساڵ لەمەوپێش



دەربڕینی ناڕەزایەتییە بە شێوازی جیاواز بە سوتانی هێماکان و وێنەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە 109 رۆژدا  بەردەوام بو و هێزە ئەمنییەکانیش دەیان گەنج و لاوی کوردیان لە چەند شارێک دەستگیر کرد.

لە سنە و کرماشان و تاران و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکە بە دروشم نوسین لەسەر دیوارەکان و سوتاندنی وێنە و پۆستەرەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و  قاسم سولەیمانی کە ئەمڕۆ یادی سێیەم ساڵی کوشتنی بو، ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە هەڵمەتێکی فراوانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ دەستگیرکردنی لاوان و گەنجانی شاری جوانڕۆ دەستی پێکردوە و زیاتر لە 21 کەس دەستگیر کراون.

سێ رۆژە دۆخی سەربازیی بەسەر شاری جوانڕۆدا سەپێنراوە و بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنیی و سەربازیی لەو شارە بڵاوەیان پێکراوە.

هاوکات لەگەل شاری جوانڕۆ ژمارەیەک گەنج و لاوی شاری کرماشان و سنە و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران.

 

سزای سێدارە بەردەوامە

دەزگای دادی ئێران سزای سێدارە بەسەر دوو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکاندا سەپاند و ناوەندێکیش سزای سێدرارەی گەنجێکی دیکەی بڵاو کردەوە بەوەش ژمارەی ئەو کەسانی سزای سێدارە دەیان گرێتەوە بۆ 105 کەس بەرز دەبێتەوە.

ئەمیر هاشمی، بەڕێوبەری راگەیاندنی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ سزای سێدراە بۆ دوو دەستگیرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکان لە لایان دادگای وڵاتەکەوە دەرچوە و سێ سزای سێدارەش راگیراوە.

لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە رۆژی سێشەممە لە لایەن دادگای شاری ساری لە باکوری وڵاتەکە سزای سێدارە سەپێنراوە بەسەر عەرشیا تەکدەستان-ی تەمەن 18 ساڵ کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە پارێزگای مازندەران دەستگیر کرابو.

هاشمی ئاماژەی بەوە کردوە سزاکانی 15 ساڵی رابردو داهاتی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردوەتەوە و وڵاتەکەش روبەڕوی کێشەی گەورە بوەتەوە.

وەک سزایەک لە بەرامبەر دەربڕینی ناڕەازایەتیی لانیکەم 50 خوێندکاری زانکۆی ورمێ لە خوێندن راگیران و رۆژنامەی شەرق لە ئێران ئاشکراشی کرد و 12 خوێندکاریش لە زانکۆی کرمان دورخراونەتەوە و 80 کەسی دیکەش خوێندنیان هەڵپەسێنراوە.

لە لایەکی دیکەوە فەرشید نەوروزی، مامۆستای وێژەی ئینگلیزی لە زانکۆی مازەندەران بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە پیشەی مامۆستایەتی دورخرایەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی لێکەوەتەوە.

ئەو مامۆستایە رایگەیاندوە لە ژێر فشاری هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران بڕیاری دەرکردن لەو زانکۆیە و دورخستنەوەی لە پیشەی مامۆستایەتیی دراوە.

موحسین هاشمی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی تاران و کوڕی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئێران بە رۆژنامەی (جمهوری ئیسلامی) راگەیاند؛ ئەو یەکێتی و یەکڕیزییە نێودەوڵەتییەی لە ئێستادا دژی ئێران هەیە لە مێژودا هاوشێوەی نەبوە.

دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە ئێران دەکەوێتە ریزبەنی پێنج مەترسیی گەورەی جیهان بۆ مرۆڤەکان.

گۆڤاری تایم بە پێی هەڵسەنگاندنی ژمارەیەک کۆمەڵناس و شارەزای سیاسی بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو سەرکوت و توندوتیژییانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران دەیکات، دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەو وڵاتە بە یەکێک لە پێنج مەترسییەکانی ژیان بۆ سەر مرۆڤ لە جیهان لە لەقەڵەم دەدرێت.

گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی، بڵاوی کردوەتەوە روداوەکانی ئێران و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە بوەتە یەکێک لە بابەتە گەرم و گوڕەکانی نوسین لە جیهاندا.

ئەو گۆڤارە نوسیویەتی شۆرش لە ئێران کۆتایی نەهاتوە بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا تەنها بەشێوەی سەرزارەکی و وەک هێمایەک سزا دژی ئێران دەسەپێنن بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران نەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردوە ساڵی 2022  بابەتی گەورەترین جەنگی ئەوروپا لە ساڵی 1945 و راپەڕێنی ئێران لە ساڵی 1979 و شۆڕشی وڵاتەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 و  ناڕەزایەتییەکانی وڵاتی چین و بابەتەکانی تایبەت بە کێشەی تایوان و قەیرانی خۆراک و وزە زیاترین لێکدانە و شیکردنەوەی بۆ کراوە  وبابەتی گەرمی ئەو ساڵە بون.

هانا نیومەن، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا هۆشدارییدا لەوەی ئەگەر وڵاتەکەی و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەگەر لە بەرامبەر توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران بێدەنگ بن دۆخی خەڵک و دانیشتوانی ئەو وڵاتە خراپتر دەبێت لەوەی کە ئێستا هەیە و ئەو وتویەتی ئێستا کاتی رابونە دژی دەسەڵات.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار