سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە

خاتەمی: هیچ ئاماژەیەکی چاکسازیی لە دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەدی ناکرێت

محەمەد خاتەمی

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران رەخنە لە دەسەڵاتی وڵاتەکی دەگرێت و دەڵێت ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە وڵاتەکەدا رون و ئاشکرایە و دەسەڵات بۆ رازیکردنی کەمینە بوەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی لە لای زۆرینەی خەڵک.

محەمەد خاتەمی، یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی ریفۆرمخوازان لە ئێران و سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتکە لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، دەڵێت: گەنجانی وڵاتەکە زۆر بێزار و ناڕازین و ئەو بێزاریەش نەوەی رابردوی گرتوەتەوە چونکە سەرکوت کراون و بەشێویەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

خاتەمی لە بەیاننامەکەیدا: روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی رەت کردوەتەوە و رایگەیاندوە؛ بە پێی ئەو توانا و هێز و ئامرازانەی کە دەسەڵات هەیەتی ، روخان و نەمانی لە روی میکانیکییەوە ئاستەمە و ناکرێت.

بە بڕوای ئەو" چاکسازیی لە کۆماری ئێسلامی ئێران پەیوەندیی بە گۆڕانکاریی لە دەستور و چاککردنی یاساکاندا نییە بەڵکو پەیوەندیی بە گەڕانەوە بۆ جەوهەر و هەوێنی دەستورەی ئێستای وڵاتەکەوە هەیە".

ئەو وتوشیەتی" هیچ ئاماژەیەک لە دەسەڵاتدا بەدی ناکرێت بە ئامانجی چاکسازیی و دورکەوتنەوە لە دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابرد و ئێستای".

وتەکانی خاتەمی لە کاتێکدایە رۆژی رابردو میرحسێن موسەوی یەکێکی دیکەی لە سەرکردەکانی (بزوتنەوەی سەوز)ی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبو؛ پێویستە دەستورێکی نوێ لە وڵاتەکەدا بنوسرێتەوە و بخرێتە دەنگدانەوە چونکە خەڵکی وڵاتەکە چاکسازیی و ریفۆرمخوازانیان تێپەڕاندوە.

پێشتر ژمارەیەک میدیا و راگەیاندن ئاشکرایان کردبو کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران 11 ساڵە کێشەی قوڵی لەگەڵ محەمەد خاتەمی هەیە کە بە یەکێک لە سەرکردەکانی ریفۆرمخوازان لە وڵاتەکە لەقەلەم دەدرێت و تەنانەت لەو ماوەیەدا وەڵامی دەیان نامە و نوسراوەی خاتەمیی نەداوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار