ئارام قادر لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە هەموو تۆمەتەکانی رەتکردوەتەوە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
دوای سێ جار لە دواخستنی دادگەییەکەی، ئەمڕۆ سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی برایە بەردەم دادوەری دادگەی سلێمانی و دادوەری بینی.
ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار باوکمیان بردە لای دادوەر و لەوێ هەموو تۆمەتەكانی رەتكردنەوە".
دوایین جار 13ی مانگی رابردوو، بڕیاربوو دادگایی ئارام قادر بەڕێوەبچێ، هاوشێوەی دوو جارەكەی پێشوو نەبرایە دادگە و دانیشتنی دادگە دواخرا بۆ ئەمڕۆ 8ی شوبات.
ئەحمەد ئارام قادر گوتی: "باوكم بە دادوەری گوت، یەكەم جارییەتی دەبرێتە دادگە و یەكەم جاریشە پارێزەرەكەی لە دادگە دەبینێت.
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە 12ـی حوزەیرانی پار دەستگیرکرا.
بە گوتەی ماڵباتەکەی بۆ رووداو، چەند جارێک سەردانی ئارام قادریان کردووە لە زیندان، بەڵام "جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکرێ".
كوڕەكەی ئارام قادر دەڵێ: ئەمڕۆ تەندروستی باوكم باش بوو، دادوەریش بڕیاریدا دانیشتنەكە هەڵبگرێ بۆ 23ی ئەم مانگە".
ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری 2024 دەستی لەکارکێشایەوە.
بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر بە رووداوی گوت: "ئارام قادر بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی. ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت.
لەبارەی تۆمەتەکەوە، ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر دەڵێ: "لەبەردەم دادوەریشدا باوكم تۆمەتەكانی رەتكردنەوە و گوتی شایانی قسەكردنیش نییە لەسەری".
