عێراق.. سەدای دزینی سەده هێشتا بەردەوامه

یەک ساڵ لەمەوپێش



كاردانەوەكانی دزینی سەدە لەعێراقدا بەردەوامی هەیەو هێشتا ئەو دۆسیەیە دانەخراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا فەرمانی دەستگیركردن بۆ چوار بەرپرسی پێشووی حكومەتەكەی كازمی و دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵی وەزیری پێشووی دارایی عێراق و بەرپرسێكی دیكە دەرچوو، چوارچێوەی هەماهەنگیش ترسیان لەسەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو هەیە بۆ ئێران  و  هەربۆیە بەپەلە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان  كردو دەیانەوێت سیستەمی یەك بازنەیی (سانت لیگۆ) بچەسپێنن ، بەپێی هەموو پێشبینییە سیاسی و میدیاییەكانیش كابینەكەی سوودانی لەبەردەم هەڕەشەدایە و ئەگەری تێكچوونی دۆخی سیاسی عێراق بەهۆی یاسای هەڵبژاردن و دۆلارو ئەنجامنەدانی هیچ چاكسازییەكەوە لەئان و ساتدا بێت.
جارێكی تر دۆسیەی دزینی سەدە لەعێراق كە بەگەورەترین پرۆسەی دزی دادەنرێت و تیایدا زیاتر لە دوو ملیارو 500 هەزار دۆلار لەفەرمانگەی باج بەهۆی چەند مامەڵەیەكی بانكییەوە دزرا زۆر بەتوندی سەریهەڵدایەوەو بەو هۆیەوە دەستەی دەستپاكیی عێراق، بەهۆی دەركەوتنی بەڵگەی نوێ كە ئاماژە بەتێوەگلانی ژمارەیەك بەرپرسی پێشووی حكومەتی عێراق دەكات لە «دزینی پارەكانی سپاردنەكانی باج» فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چوار گەورە بەرپرسی حكومەتەكەی كازمی دەركرد كەبریتین بوون لەهەریەكە لە ئەحمەد نەجاتی، سكرتێری تایبەتیی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، موشریق عەباس، راوێژكاری مستەفا كازمی، عەلی عەلاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و رائید جۆحی، بەرپرسی نووسینگەی كازمی پێكهاتوون.
ئەو دزییەی كەئەنجامدراوە، لەنێوان سێپتەمبەری 2021 و ئابی 2022 لەڕێگای 247 چەكی بانكییەوە، بڕی دوو ملیارو 500 هەزار دۆلار لەپارەی فەرمانگەی باجی بەغدا لەبانك راكێشراوە، هەرچەندە حكومەتەكەی سوودانی باس لەڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكان تائێستا لەسەر ئەو دزییە گەورەیە تەنیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەشت تۆمەتباردا كراوەو تەنیا دوو كەسیان دەستگیركراون (كە یەكێكیان كەسێك بوو بەناوی نور زوهێر كەدوای هێنانەوەی چەندین ملیۆن دۆلار ئازادكرا)، تائێستاش هیچ دانپیادانانێك لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاونەكراوەتەوەو بەپێی وتەی شارەزایانی بواری عێراق دزە گەورەكان دەستگیرنەكراون، حكومەتی عێراقیش رایگەیاندووە توانیویانە سەدان ملیار دینار بگەڕێننەوە.
ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە ئاماژە بەوەدەكەن ئەو بڕە پارە زۆرە بەچەند بارهەڵگرێكی گەورە رەوانەی ئێران كراون، بەشە بچووكەكانیش ئەوانەی بەر ئەو كەسانە كەوتووە كەنێوەندگیربوون بەئۆتۆمبیلی بچووك رەوانەی توركیا كراون یاخود لەعێراقدا ماونەتەوە.
هەر لەچوارچێوەی لێپێچینەوەكان لەدزی سەدە، بەگوێرەی نووسراوێكی دادگای دووەمی كەرخ، بە تۆمەتی ئاسانكاری بۆ دەستگرتن بەسەر پارەی سپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج دوای فەرمانی دەستگیركردن، بڕیاردراوە دەست بەسەر موڵك و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەی چوار كەسدا بگیرێت، كە عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی و رائید جوحی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی سەرۆكوەزیران دووان لەو بەرپرسانەن، كە ئەو بڕیارەیان بۆ دەركراوە.
بەپێی راپۆرتێكی  لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراقیش، عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی، بەپێچەوانەی یاسا دەسەڵاتی داوەتە كەسێك بە ناوی «حسێن قەنبەر ئاغا» بۆ سەرپەرشتیاری پەیوەندی لەگەڵ دەستەی گشتیی باج و بانكەكان و وەكو راوێژكاری وەزیر بەشداریی كۆبوونەوەكانی كردووە و زانیاریی هەبووە لەبارەی خەرجكردن ئەو پارانە، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی دەستەی گشتیی باج پێی راگەیاندووە كە «راكێشانێكی نائاسایی پارە هەیەو ئەویش گوتوویەتی، وەزیری دارایی ئاگادارە.»لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لەڕێگەی میوانداریكردنی عەلی عەللاوی ئەوە ئاشكرابووە، كەناوبراو سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانكی نازك-ە و حسێن قەنبەر ئاغا، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بووەو ئەوەش گومانی لەسەر ئەو پەیوەندییە دروستكردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، نووسینگەی سەرۆك وەزیران ئاگاداری ئەوە بووە ئەو بڕە پارەیە لەسپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج هەیە، بەو پێیەی چەند نووسراوێكی دیوانی چاودێریی دارایی لە 26ی تشرینی دووەمی 2017 دراوەتە نووسینگەكە، كەئاماژە بەوە دراوە، چوار ترلیۆن و 910 ملیار دینار لەو هەژمارەدا هەن، كەتایبەتن بەساڵانی 2015، 2016 تاوەكو مانگی نیسانی 2017.
پێناچێت رووداوەكان و فشارەكانی هەردوو بەرەی دژ بەیەك (چوارچێوەی هەماهەنگی) و (سەدرییەكان) هەر بەوەندە بوەستێ و ئاماژەكان و پەیامە سیاسییەكان باس لەوەدەكەن ئەگەری تێكچوونی ئەو ئارامییەی كە لەدوای درووستكردنی كابینەكەی سوودانییەوە درووستبووە بەبێدەنگی موقتەدا سەدرو شەقام و رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكان لەسەر پۆستەكانی حكومەت دروستبووە لەئارادایە.

رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسییەوە ئاماژەی بەوەكردووە ئەو ئارامییە سیاسی و ئەمنییەی عێراق كە لەدوای دەستبەكاربوونی سوودانییەوە لەعێراقدا هاتۆتە ئاراوە كۆتاییهاتووە، ئەویش لەدوای سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئێران  كەهاوپەیمانەكانی ئێرانی لەعێراق لەجۆری نوری مالیكی و خەزعەلی و گرووپە چەكدارەكان نیگەران كردووە بەجۆرێكی وا وەهایكرد مالیكی و هاوپەیمانەكانی بەپەلە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەپەرلەمان ئەنجامبدەن و دووبارە سیستەمی (سانت لیگۆ) بهێننەوە نێو یاساكە كە سەدر لەدژییەتی و پێی وایە ئەو یاسایە وسیستەمی یەك بازنەیی لەبری فرە بازنەیی سەردەمی بەسەرچووەو دەبێت وەك هەڵبژاردنی پێشووتر عێراق بەسیستەمی فرە بازنەیی بەڕێوەبچێت.
هاوكات ئەمریكاش تائێستا بڕیاری نەداوە لەكێشە قووڵەكاندا مامەڵە لەگەڵ سوودانی بكات، تارانیش هەستی بەوەكردووەو چەندین پرسیاری لە مستەفا كازمی كردووە لەبارەی دۆسییە لەهەڵپەسێردراوەكانی لەگەڵ واشنتۆن، بەتایبەت توندكردنەوەی حەواڵەی دۆلار بۆ عێراق كە شڵەژانێكی توندی لەبازاڕەكانی عێراقدا دروستكردوەو زیانێكی گەورەی بەهەناردەكانی ئێران گەیاندووە.  
لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی (ئەلمەدا) بڵاویكردووەتەوە بەهۆی بەردەوامی بێدەنگی موقتەدا سەدرو نەناردنی هیچ پەیام و ئاماژەیەك، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا نیگەرانییەكی زۆر هەیە و بەتایبەت لەسەروبەندی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكاندا مەترسییەكان زیادیان كردووەو هەندێك لەسەركردەكان شیعە پێیانوایە لەهەر ئان و ساتێكدابێت لایەنەگرانی رەوتی سەدر دەڕژێنە سەر شەقامەكان، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵیداوە بەپشتیوانی ئێران نێوەندگیر رەوانەی لای سەدر بكات و دەنگۆی دیداری ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سەدرییەكان لەئارادایە، بەڵام سەركردەكانی رەوتی سەدر رەتیدەكەنەوە، ئەو رۆژنامەیە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڵاویانكردووەتەوە چوارچێوەكە بەنیاز نییە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەمساڵدا ئەنجامبدات، لەبەرئەوەی دوای ئەوە ناچاردەبێت هەنگاوی دووەم ئەنجامبدات كەئەویش هەڵبژاردنی پێشوەختەو ئەمەش بەبەرژەوەندی خۆی نازانێت.
بەپێی ئەو زانیارییە میدیایانەی كە لەبەغداوە بڵاوكراونەتەوە باس لەوەدەكەن خودی سوودانیش ناكۆكی لەگەڵ هەندێك سەركردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ درووستبووە بەوەی دەیەوێت دەستی هەندێك حزب لەناو كاروباری حكومەتدا كەمبكاتەوە لەبەرامبەر رازیكردنی ئەمریكاو لەو چوارچێوەیەشدا سوودانی بەئاشكرا رەخنەی لەدەستتێوەردانی حزبەكان گرت و رەخنەشی ئاراستەی ژمارەیەك وەزیر كرد بەوەی كارەكانیان بەچاكی ئەنجامنادەن و دەبێت ئەو دەستوەردان و سستییانە بوەستێنن، داواشیكرد هەر وەزیرێك حزب فەرمانی پێكرد ئاگاداری بكەنەوە.
بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانی دۆخی عێراقیش پێناچێت لەماوەكانی داهاتوودا دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوەو هەموو ئەگەرەكان كراوەدەبن، بەڵام هەر ئەگەری بەهێز ئەوەیە چیدی ئەم مات و بێدەنگییەی شەقامی عێراقی بەردەوامی نابێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار