جەمیل بایک: لە ڕۆژئاوا کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیرادەی کورد کراونەتە ئامانج

کاتژمێرێک لەمەوپێش



هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک ڕایگەیاند کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها هێرشی سەربازی نین، بەڵکو بەشێکە لە مەیلێکی فرەلایەن کە "ئامانج لێی تەسفیەکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیرادەی کوردە."

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هەم ڕەهەندی نێونەتەوەییان هەیە و هەم ڕەهەندی هەرێمی. هێزە نێونەتەوەییەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بەردەوامبوونی پەیوەندییە تاکتیکییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا کە لە دژی داعش هاوبەشییان لەگەڵدا کرد، 

 جەمیل بایک ڕایگەیاند نە هێزەکانی هاوپەیمانان، نە هەتەشە و نە تورکیا سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییان قبوڵ نەکرد کە لە ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا. دیموکراسی وەک سیستەمێکی بەڕێوەبردن دەبینن کە سیستەمەکەی ئەوان بێکاریگەر بکات. بۆیە ویستیان بە شکاندنی ئیرادەی کوردان سیستەمی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاکتاو بکەن

وتیشى: ئیسرائیل و ئەمریکا لایەنگری ئەمەن کە ئێران یەک‌پارچە بمێنێتەوە بەڵام ڕژێم بگۆڕێت. ئێرانێکی یەک‌پارچە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە گونجاو دەبینن. کاتێک ڕژێم ڕووخا، ئێران دابەشیش نەبێت، دامەزرانی سیستەمێکی دیموکراتیک کە پشت بە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکان دەبەستێت بێگومان دادەمەزرێت. 

تەواوى چاوپێکەوتنەکە..

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک دەستنیشانی کرد کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێکن لەم جەنگە جیهانی و هەرێمییە و وتی کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە هەموو لایەنەکانیەوە ڕێگەی لە شەڕی دابەشکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە، لەبەر ئەوە دەکرێتە ئامانج. بایک وتی: "هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا خاوەنی ڕەهەندی نێونەتەوەیی و هەرێمین" و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سیاسەتە دەوڵەت-سەنتەرەکانی هێزە نێونەتەوەییەکانەوە.

جەمیل بایک وتیشی کە "هێزە نێونەتەوەییەکان لەبەر ئەوەی دەوڵەتان بۆ خۆیان دەکەنە بنەما، سیاسەتێکی یەکگرتوویان بۆ کورد نییە" و ڕایگەیاند کە تورکیا، هەتەشە و ئەکتەرەکانی دیکەی هەرێمەکە لەسەر ئەم بنەمایە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بە ئامانجی "شکاندنی ئیرادەی کورد" ئامادە کراون.

بایک سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو مەیلەی لەسەر ڕۆژئاوایە تەنها سەربازی یان سیاسی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا هێرشێکی ئایدۆلۆژییە و وتی: "لایەنێکی گرنگی هێرشەکەی سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکاتە ئامانج." بایک بیری هێنایەوە کە ئەو سیستەمەی لەوێ دامەزراوە لەسەر "پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژن" بونیادنراوە. بۆیە بایک ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە بە واتای "هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دێت و ئاماژەی بەوە دا کە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن واتایەکە و بەو هۆیەوە بووەتە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە.

بەشی یەکەمی هەڤپەیڤینە تایبەتەکەی جەمیل بایک کە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەنجامی داوە بەم شێوەیەیە:

ئێمە لە کاتێکداین کە ڕۆژانە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕوودەدەن و کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان دەکەن. لە زۆرێک لە هەرێمەکانی جیهان لە ئاستی خۆجێیی یان هەرێمیدا شەڕ ڕوودەدات. مرۆڤ دەتوانێت باس لە شەڕێک بکات کە بە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتیک لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی وەک جەنگی جیهانیی سێیەم پێناسە کردبوو. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش کوردستان وەک چەقی ئەم جەنگە دەبینرێت. ئایا هۆکاری ئەمە چییە؟ کوردستان لەم ڕووەوە خاوەنی چ گرنگییەکە؟ بۆچی لە ئامانجدایە؟

لە جەنگی یەکەمی کەنداوەوە تا ئێستا جەنگی جیهانیی سێیەم بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەی لە جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم ناچێت، نابینن کە جەنگی جیهانیی سێیەم دەستی پێکردووە و بەردەوامە. جەنگی جیهانیی سێیەم لەناو مەرجەکانی کاپیتالیزمی جیهانگیردا بەڕێوەدەچێت. وەک جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم نییە کە پشت بە دژایەتی ڕەق و توند ببەستێت. چونکە دژایەتییەکی توند و ڕێبازێکی شەڕ بۆ لەناوبردنی یەکتر لە کاتێکی کورتدا وەک جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم بوونی نییە. بەڵام شەڕێک هەیە کە ناکۆکی و ململانێکان بە شێوازی جیاواز بەردەوامن. بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی سەرمایەدار بە هاوپەیمانیی جیاواز لاواز بکەن و خۆیان بەهێز بکەن، تێکۆشانێکی ناوخۆیی سیستەمەکە بەبێ وەستان بەڕێوەدەچێت. جەنگە جیهانییەکان هەمیشە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە هاوسەنگییەکانی پێشوو هەڵدەوەشێنەوە، هاوسەنگی و ستاتۆی نوێ دەخوازرێت. لە شوێنی ستاتۆ و هاوسەنگییە سیاسییەکان کە بەهۆی جەنگی ساردەوە لەیەک هەڵوەشانەوە، بەگوێرەی پێداویستیی سیستەمی کاپیتالیزمی جیهانگیر شەڕی بونیادنانی ستاتۆ و هاوسەنگییە نوێیە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت. ئەم شەڕە بەهۆی کارەکتەری کاپیتالیزمی جیهانگیرەوە شەڕێکە کە دەیان ساڵە هەیە، بەڵام بووەتە هەمیشەیی. ئەمەش بەزۆری بە شێوەی شەڕ لە ئاستی هەرێمیدا بەردەوامە. هەموو ئەم گرژی و شەڕانە بەشێکن لە جەنگی جیهانیی سێیەم. دەبێت مرۆڤ بەم شێوەیە لە کاراکتەری جەنگی جیهانیی سێیەم تێبگات. هەروەها دەبێت مرۆڤ پەیوەندی ئەمە بە ڕاستیی کاپیتالیزمی جیهانگیرەوە بزانێت.

جەنگی جیهانیی سێیەم لە هەمان کاتدا بە تێکەڵاوی لەگەڵ قەیرانی کاپیتالیزمی جیهانگیر بەردەوامە. کاپیتالیزمی جیهانگیر لەناو قەیرانێکی فرەلایەندایە. جیاوازی و نادادپەروەریی داهات لەنێوان کۆمەڵگە و وڵاتان، قەیرانی ئیکۆلۆژی، بەردەوامبوونی سەروەری بەسەر ژناندا بە شێوەیەکی سەخت، پرسی کۆچبەری، خۆچەکدارکردن و بەردەوامیی شەڕ لایەنە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانەن. لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەناو سیستەمەکەدا نەیتوانی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە، پارتە ڕاستڕەوەکان لە زۆر وڵات دێنە سەر دەسەڵات. زیادبوونی دەسەڵاتە ڕاستڕەوەکان نیشانەی زیادبوونی گەورەی قەیرانی کاپیتالیزمە.

ئاشکرایە کە زیادبوونی قەیرانەکە ئەرکێکی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی. لەناو ئەم کەشوهەوای قەیرانەدا، ئەوانەی خاوەنی نزیکبوونەوەی دروستی ئایدۆلۆژی-سیاسی و پڕۆژەی چارەسەرین، دەرفەتی سەرکەوتنیان زۆرە. لەبەر ئەوەی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ خاوەنی ئەو کاراکتەرەیە کە دەتوانێت وەڵامی کێشەکانی ئەم قەیرانە بداتەوە، تێکۆشانی ئێمە هێشتا زیاتر بەرەو پێش دەچێت. لەبەر ئەوەی جەنگی جیهانیی سێیەم بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، دەبینرێت کە پارادایم و پڕۆژەکانی چارەسەریی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە سەر زەمینەی پێشکەوتن و ئەنجامگیری. تەڤگەری ئازادیی ئێمە کە تا ئێستا پێشکەوتووە، دەبینرێت کە سەرەڕای سەختی و ئاستەنگییەکانیش ئەگەر پارادایمی ڕێبەرێتی بە شێوەیەکی ڕاست بکەوێتە پراکتیکەوە، ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا دروست بوون لەمەودوا زیاتر دەبن. مەرج و دۆخە سەختەکان بوونی بتەڤگەری ئێمەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. بۆیە مەرج و دۆخە سەختەکان بۆ ئێمە دەبنە پاساوی تێکۆشان و سەرکەوتن.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕەوتی مێژوودا بووەتە ئەو جوگرافیایەی کە ستاتۆکۆ و هاوسەنگییە سیاسییەکانی لێ بونیاد نراوە. ئەمڕۆش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانێکی شەڕ کە هاوسەنگییەکانی جیهانی لێ بونیاد بنرێتەوە. لەبەر ئەوەی کوردستان لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، شەڕیش لە کوردستان و دەوروبەری قورس دەبێت.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ جیهان گرنگە. لە جیهانی بە گڵۆباڵ بووی ئێمەدا، دەبێت مرۆڤ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و ئەفریقا بە شێوەیەکی هاوبەش ببینێت. ئەگەر مرۆڤ ڕۆژئاوای ئاسیاش بۆ ئەمە زیاد بکات، ئەوا تێدەگەین کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە چەندە گرنگە. کاتێک مرۆڤ گرنگی وزە بە ئەندازەی ئاو بۆ کۆمەڵگەکان و کاپیتالیزمی جیهانگیر هەژمار بکات، ئەو کاتە مرۆڤ دەتوانێت باشتر تێبگات کە بۆچی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بێگومان بوونی ئیسرائیل و داواکاریی ئەو بۆ زیادکردنی کاریگەریی خۆی لەسەر ناوچەکە، هەروەها ئەو هەنگاوانەی لەم چوارچێوەیەدا دەینێت، یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی دیکە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ناوەندی جەنگی جیهانیی سێیەم. کوردستان لەناو سنووری چوار دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. ئەم چوار دەوڵەتە هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن. لەم دۆخەدا کوردستان لە چەقی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە. بەڵام کورد لە ئەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆیدا ئەمڕۆ بووەتە هێزێکی گرنگی سیاسی. هەم لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین و هەم لەناو هاوسەنگییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی پێگەیەکی زۆر گرنگە. ئیتر هیچ هێزێکی هەرێمی و نێونەتەوەیی بەبێ بینینی کوردان ناتوانێت سیاسەتێکی ڕاست و ئەنجامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەببات. بێگومان بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدان هەرچەندە لە ئێستادا دەوڵەتان دەکەنە بنەما، بەڵام کورد بە دڵنیاییەوە لەناو ئەم هاوسەنگییە سیاسییانەدا خاوەنی پێگەیەک دەبن. هەتا کێشەی مانەوە و ئازادی کوردان چارەسەر نەکرێت، نە ئەو وڵاتانەی بەسەر کوردستاندا سەروەرن ئارام دەبن و نە هێزە نێونەتەوەییەکانیش دەتوانن لە سیاسەتەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا ئەنجام بەدەست بهێنن. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد توخمی سەرەکیی کێشە و قەیرانی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەبەر ئەوەی کورد لە هەر چوار پارچە کاریگەرە، هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان هەوڵ دەدەن بیانخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. دەیانەوێت کوردان یان بێکاریگەر بکەن یان بیخەنە ژێر کاریگەری خۆیان. بۆیە شەڕی هەرێمەکە لەسەر کوردستان بەڕێوەدەچێت. کوردیش ئەم دۆخە گرنگەی خۆیان لە تێکۆشانی سیاسیدا دەنرخێنن و لە تێکۆشانی ئازادی و مانەوەی گەلی کورددا تێکۆشانی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان بەڕێوەدەبەن.

ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی دیدارەکاندا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ وتبووی، هێرش و شەڕی ئیمپریالیستی لە سووریا بنبەست بوو، دوای ماوەیەک بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵات دەڕوات. ئایا ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە؟ بۆ نموونە، ئێوە لەسەر قورسبوونی شەڕ لە سووریا بیر لە چی دەکەنەوە؟ ئەمریکا لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا عێراق و ئێرانی کردووەتە ئامانجی خۆی. ئایا شەڕ دەکرێت بەرەو عێراق و ئێران بڕوات؟ ئەنجامە ئەگەرییەکانی چی دەبن؟ کاریگەرییەکی چۆن لەسەر تورکیا دەکات؟ دەوترێت، نۆرە دێتە سەر تورکیا، ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم بۆچوونە؟

ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی وەک دەرگایەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا. لەم شوێنە سووریا، لوبنان و ئیسرائیل هەن. غەزەش لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. لە ڕەوتی مێژوودا تێکۆشانێکی گرنگ لەسەر سووریا بەڕێوەچووە. ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش دەرگای سووریای کردەوە و بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەروەر بوو. ئەو گۆڕەپانەی کە شاڵاوەکانی خاچپەرستان تیایدا زۆر بوو، ئەم گۆڕەپانە بوو. لە جەنگی جیهانیی یەکەمیشدا جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک بوو لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی تێکۆشانی سیاسی و شەڕ. لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسادا بووە گۆڕەپانی تێکۆشان. لە کۆتاییدا فەرەنسا بە سەروەری بەسەر سووریادا، و بەریتانیاش بە سەروەری بەسەر عێراق و ئوردندا ویستیان لە ناوچەکەدا کاریگەر بن. دروستبوونی ئیسرائیل دۆخی لوبنان و سووریای بە گرنگی هێشتەوە. بۆیە تا دۆخی سیاسی و هاوسەنگییە سیاسییەکانی سووریا نەگاتە ئارامییەک، لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە دۆخێکی نادیار دەبێت. لەبەر ئەم هۆکارە بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،  بەریتانیا و تورکیا، هەتەشەیان خستە ناو جووڵەوە و لە سووریا کۆتاییان بە ڕژێمی بەعس هێنا. بێگومان لە بابەتی کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بەعس ڕۆڵی ئیسرائیلیش هەیە. دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی بەعس، دەستێوەردانی ئیسرائیل لە سووریا وەک بەشێک لەم پلانی هەڵوەشاندنەوەیە پێکهات.

 

ڕژێمی سیاسیی ئێستای ئێران لە ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە. سەرەتا هێزەکانی سەر بە ئێرانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ کاریگەر کرد. ئێستاش ڕاستەوخۆ ئێران دەکەنە ئامانج. لە عێراق بە داگیرکاریی ئەمریکا سیستەمێکی نوێی سیاسی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. هێشتاش وڵاتێکە کە لەژێر کاریگەریی ئەمریکادایە. بەڵام لەبەرئەوەی یەکێک لەو شوێنانەی کە ئێران تێیدا هەناسەدەدات عێراقە، دەیانەوێت دەسەڵاتی عێراق لەو دۆخە دەربهێنن کە پشتیوانی لە ئێران بکات. بە تایبەتی دەیانەوێت حەشدی شەعبی بێ کاریگەر بکەن. لە ماوەی حکومەتی سودانیدا لەسەر ئەم بابەتە هەندێک هەنگاو نران. بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ئەمەیان بەلاوە بەس نییە. دەیانەوێت لەو دۆخە دەری بهێنن کە بتوانێت بۆ ئێران ببێتە هەناسەیەک. هەر بۆیە ترەمپ هەڕەشەی لە بەربژێری سەرۆکوەزیرانی شیعە کرد. ئەگەر ڕێککەوتنێک ڕوونەدات، ئەوا هەندێک دەستوەردان لە عێراقیش ڕوودەدات. لە عێراقێک کە ئارام بووەتەوە، لەوانەیە هاوسەنگییە سیاسییەکان بگۆڕێن. یەکەم مەیلی ئەمریکا لەوانەیە بە لای دروستکردنی ڕێککەوتنێکدا بێت. هەر خۆی دیارە کە مالیکی دەستی لە بوونە سەرۆکوەزیر هەڵگرتووە.

ئەمە ئاشکرا بووە. ئەو زەمینەیە نەماوە کە ڕژێمی هەنووکەیی ئێران لەسەر پێ بمێنێتەوە. ئەم ڕژێمە یان دەگۆڕێت، یان دەڕووخێت. ئەگەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی نەکات، ڕوونە کە ئەنجامەکان بەم شێوەیە دەبن. بەڵام دەسەڵاتێک کە پشت بە دەستوەردانی دەرەوە دەبەستێت، لەوانەیە قەیران و کێشەکان قورستر بکات. هەر خۆی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە هەندێک ڕووەوە لەبەر ئەمە ڕاگیرا. ئەو سەرهەڵدانانەی کە دواتر ڕوویاندا، ڕژێمیان لاوازتر کرد. ئەگەرچی دەستوەردان وایکرد لە سەرهەڵدانی گەلدا سستبوونێکیش بێتە کایەوە، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت کە ڕژێم بەهێز بووە.

ئیسرائیل و ئەمریکا لایەنگری ئەمەن کە ئێران یەک‌پارچە بمێنێتەوە بەڵام ڕژێم بگۆڕێت. ئێرانێکی یەک‌پارچە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە گونجاو دەبینن. کاتێک ڕژێم ڕووخا، ئێران دابەشیش نەبێت، دامەزرانی سیستەمێکی دیموکراتیک کە پشت بە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکان دەبەستێت بێگومان دادەمەزرێت. لە ڕاستیدا ئێران خاوەن مێژوویەکی سیاسییە کە پشت بە خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێیەکان دەبەستێت. هەمیشەییبوونی ئەمە لە ئێران، ئارامی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. کام هێز ئەمە دەکات، بە پێی کات ئەوە دەبینین. مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژووی ژیانە لەناو خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیدا. فیتنەی نەتەوەپەرستی لە جیهانی ڕۆژئاواوە هاتووە. ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە قەیراندا بێت، هۆکارێکی گرنگی ئەمە ئەوەیە کە تێڕوانینی دەوڵەت نەتەوە کە لە دژی مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەکو فیتنەیەک لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراوە. هەرخۆی سیاسەتی بەناوبانگی 'پەرتکە و زاڵبە'ش پشت بەم تێڕوانینە تاکڕەوەی دەوڵەت-نەتەوە دەبەستێت.

ئەگەر تورکیا خۆی نەگۆڕێت، بە تێڕوانینی نەتەوەی دیموکراتیک دەبێتە سیستەمێکی دیموکراتیک کە پشت بە خوشک-برایەتیی تورک و کورد دەبەستێت، ناتوانێت خۆی لە ئاستی ئەو وڵاتە ڕزگار بکات کە بەردەوام لە قەیراندایە و بەکاردەهێنرێت. ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی کە سوود لە دۆخەکە وەردەگرن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان لەوانەیە لە تورکیا دیزاینێک بکەن. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لاوازترین ڕوویەتی. چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە بۆ تورکیا دەبێتە کێشەیەکی ڕاستەقینەی هەمیشەییبوون. دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە ئەم مەترسییانە دەبینێت کە دەشێت بێتە بەردەمی؛ بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانێت ئیرادەی ئەو سیاسەتەی کورد نیشان بدات کە تاوەکو ئێستا درێژەی پێ دەدات، وەکو ئێوەش ئاماژەتان پێ کرد، ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.

ئایا شۆڕشی ڕۆژئاوا بەو هۆکارە ڕووبەڕووی هێرش بووەوە کە لە هەموو ڕوویەکەوە بووبووە ڕێگر لەبەردەم ئەم شەڕی دابەشکارییە نوێیە؟ هۆکارەکانی چین؟ کوردان کە لە سەدەی نوێدا بوونەتە ئەکتەرێک، ئایا بەسەریاندا دەسەپێنرێت کە پەراوێز بخرێن؟ پلانێکی لەم شێوەیە ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە؟ دەتانەوێت چی بە هێزەکانی کورد و گەلان بڵێن؟ لەم مژارەدا پێگەی ڕێبەر ئاپۆ چییە؟

ئەو دۆخەی کە زۆرترین زەحمەتی بۆ چارەسەریی پرسی کورد دروستدەکات، دابەشبوونیەتی بۆ چوار بەش لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا. لە هەموو ئەم وڵاتانە کورد دووەم گەورەترین گرووپی ئەتنیکییە. لە ئێران ئازەری هەن، بەڵام لەبەرئەوەی شیعەیی لە لای ئەوان ناسنامەی سەرەکییە، لایەنە نەتەوەییەکەیان هێندە بەرجەستە نابێت، یان ڕێگە بە بەرجەستەبوون نادات. ئەم چوار دەوڵەتە لە سەدەی ٢٠ـدا بە تێڕوانینی دەوڵەت نەتەوە شێوەیان گرت. ئەگەرچی توندترین مامەڵە دژی بوونی کورد لە تورکیاش نیشاندرابێت، لە سێ وڵاتەکەی تریش سیاسەتی سەروەری‌پەرستی لەسەر کورد پەیڕەوکرا. لەبەرئەوەی پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو هاوسەنگییەکانی جیهاندا زۆر گرنگە، هێزە نێونەتەوەییەکانیش لە ڕووی سیاسەتەکانی خۆیانەوە دەوڵەتانیان کردە بنەما. ئەمە خۆی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا ڕێگر (هاندیکاپ)ـێکی گرنگە. لە لایەکی ترەوە ئەگەرچی چوار دەوڵەت لە مژاری جیاوازدا دژبەری یەکتریش بن، کاتێک مژار دەبێتە کورد، دەتوانن سیاسەتێکی هاوبەش بخوڵقێنن. ئەم ڕاستییە ئەوە دەخاتە ڕوو کە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد ڕووبەڕووی چ زۆر و زەحمەتییەک دەبێتەوە. کاتێک بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد درێژە بە تێکۆشان درا، پێویستە ئەمانە ببینرێن و بەم پێیە سیاسەت پەیڕەو بکرێت. بۆئەوەی ئەم ڕێگر(هاندیکاپ)ـانەی کە باسمان کرد نەهێڵرێن، تێکۆشانێکی بەهێز و بە بڕیار، هەروەها وەستایی و زەریفیی سیاسی پێویستە. هەربۆیە لە پرسی کورددا گوتاری دژبەری و دوژمنایەتی ئەنجامی نابێت. بە کورتی پرسی کورد بە هیچ پرسێکی تری هاوشێوە لە جیهان بەراورد ناکرێت. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بەهۆی کەم یان زۆری داخوازییەکانەوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی دەوڵەت نەتەوەن و ئامانج لێیان لەناوبردنی کوردە. ئەگەر ئەو سیاسەتانەی دژی کورد پەیڕەودەکرێن لەگەڵ کێشەیەکی هاوشێوە لە ناوچەیەکی تری جیهان وەکو یەک ببینرێن، ئەمە هەم دەبێتە خەیاڵ، هەم ناتوانێت سیاسەتەکانی چارەسەری بەرهەمبهێنێت.

هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هەم ڕەهەندی نێونەتەوەییان هەیە و هەم ڕەهەندی هەرێمی. هێزە نێونەتەوەییەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بەردەوامبوونی پەیوەندییە تاکتیکییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا کە لە دژی داعش هاوبەشییان لەگەڵدا کرد، لە بەرژەوەندییاندا نییە، پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا و هەندێک وڵاتی عەرەبی زیاتر لە بەرژەوەندییان بینی. لە بابەتی ڕووخاندنی ئەسەد لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتن. بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلیان لەبەرچاو گرت. لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ ئەم وڵاتانە سیاسەتی هاوسەنگییە سیاسییە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەدەبرد، چاوی خۆیان لە هێرشەکانی هەتەشە نوقاند. هێزە نێونەتەوەییەکان لەبەر ئەوەی دەوڵەتان بۆ خۆیان دەکەنە بنەما، خاوەنی سیاسەتێکی یەکگرتوویان بۆ کورد نییە. بۆیە بەرژەوەندی و هاوسەنگییەکی دیکەی سیاسییان هەڵبژارد. خۆی کۆماری تورکیا و هەتەشە هەمیشە پلانی ئەوە دادەنێن کە ئەمە جێبەجێ بکەن و دەست بە هێرش بکەن. بەو پەیمانەی کە باشووری سووریای بۆ ئیسرائیل جێهێشت، دەستیان بە هێرش کرد.

لە ڕاستیدا هەموو کەس دەبینێت کە کورد خاوەنی ئەو هێزەن کە دەتوانن کاریگەری لەسەر زۆر بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەو تێکۆشانەی بە دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کوردی لە ڕووی سیاسییەوە کردووەتە هێزێکی زۆر کاریگەر. کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دەکەن. تەڤگەری ئازادیی کورد سیاسەتەکانی "پەرت بکە و زاڵ بە"ـی تێپەڕاند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنەمای خوشک-برایەتیی گەلان کردە ئامانجی خۆی. ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەندێک هێزدا نییە. ئەو ڕۆڵەی لە سەدەی ٢٠دا بە کوردان درابوو ئەوە بوو کە کورد ببنە سەرچاوەی ناسەقامگیری. هێزە هەژموونگەراکان بەم شێوەیە وڵاتانی ناوچەکەیان لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دەهێشتەوە. ئەم سیاسەتەی سەدەی ٢٠ کەمێک گورزی خواردبێت، یان کون بووبێت، هێشتا دەستبەرداری نابن. ناتوانن کوردان پشتگوێ بخەن؛ بەڵام چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی ڕێککەوتنی دیموکراتیکی دوور لە شەڕ لە بەرژەوەندیی خۆیان نابینن، سیاسەتێکی کوردیی یەکگرتوو بەڕێوەنابەن. بەڵام لەبەر ئەوەی کورد ئەمڕۆ لە هەموو بەشەکانی کوردستان گۆڕدراون بۆ هێزێکی گرنگ، جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە سەخت بووە. ئەگەر کورد ئەو تێکۆشانەی تا ئێستا بەڕێوەی دەبات بەبێ وەستان بەردەوام بێت و هێزە سیاسییەکانی کورد دەست لە سیاسەتی ئاستەنگکردنی یەکتر یان سەروەریی خۆیان بەسەر ئەوی دیکەدا هەڵگرن، ئەم سیاسەتە لەناو دەچێت و کورد لە هەر وڵاتێک بن دەبنە خاوەن ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک. پڕۆژەی چارەسەریی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆش کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، پڕۆژەی لەناوبردنی سیاسەتی هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکانە لەسەر کوردان. بە نزیکبوونەوەی تەسکبینانەی نەتەوەپەرستی ئەم سیاسەتە ناتوانرێت لەناو ببرێت، بە نزیکبوونەوەی بەم شێوەیە کورد ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی قڕکردن دەبنەوە. لەبەر ئەوەی یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتیک کە بێتە دی هێز دەداتە تێکۆشانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکان، کێشەی ئازادی و مانەوەی کوردان لە چوار بەش چارەسەر دەبێت.

ڕێبەر ئاپۆ هەم بۆ کوردان عەقڵێکی ستراتیژی دەخاتە ڕوو، هەمیش دیموکراتیکبوونی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. یەکگرتنەوەی پێداویستیی دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەقڵی کوردان نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی دەستپێکردنێکی نوێ. ئەو عەقڵەی ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتییە ڕوو، لە هەمان کاتدا سەدەی ٢١ دەکاتە سەدەی کوردان. ڕاپەڕینی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و دەنگدانەوەی ئەم ڕاپەڕینە لەناو ڕای گشتیی جیهانیدا، جارێکی تر نیشانی دا کە هێزی بەدیهێنانی ئازادی لای گەلی کورد چەندە بەرزە.

ئایا هەڕەشە لەسەر پارادایمی ڕێبەرێتی هەیە؟ ئایا ئەم هێرشانەی کە هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکانی تێدایە ئامانجیان بێکاریگەرکردنی پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە؟ یان تەنها هێرش دەکرێتە سەر ئیرادەی کوردان؟ شانبەشانی پەیوەندیی ئەم ئیرادەیە بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە، دەتوانن ئەم هێرشانە هەڵسەنگێنن؟

پارادایمی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک، دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژنی ڕێبەر ئاپۆ پارادایمێکە دژی دەسەڵاتداری، دەوڵەت و کاپیتالیزم. بێگومان ئەوانەی بەسەر گەلانەوە خاوەنی دەسەڵاتداریی ئۆتۆریتەرن و هێزە مۆدێرنیستە سەرمایەدارەکان کە مرۆڤایەتییان گەیاندووەتە لێواری تیاچوون، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەن؛ دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنی. بۆیە نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە هەر شوێنێک ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیی کورد تێیدا کاریگەر بن، هەڵوێستێک دژی ئەم پارادایمە نیشان دەدەن. ژنان، گەنجان، ڕەنجدەران و کۆمەڵگە ژێردەستەکان هەموو سەر بۆ مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم دانانەوێنن کە سروشت تاڵان دەکات و فشار وەک ئامرازێک دژی کۆمەڵگەکان بەکاردەهێنێت. لە هەموو شوێنێکی جیهان خاوەن مەیلە جیاوازە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان دژی ئەم هێزانەی دژ بە کۆمەڵگە و سروشتن تێکۆشان بەڕێوەدەبەن. تەڤگەری ئێمە کە لەم بابەتەدا خاوەنی تیۆری و ئایدۆلۆژیایەکی سیستماتیکە، بێگومان هێزێکە کە کاریگەرترین تێکۆشان بەڕێوەدەبات. هەڵبژاردەی ئێمە ئەوەیە کە ئەم تێکۆشانە نەک لە بەرە و ڕووبەڕوو بە شەڕکردن، بەڵکو لە کەشوهەوایەکی دیموکراتیکدا بەڕێوەببەین. لایەنێکی تێکۆشانی ئێمەش گەیشتنە بەم زەمینەی تێکۆشانە. گەل و کۆمەڵگە ژێردەستەکان تێکۆشانی خۆیان زۆرتر و کاریگەرتر لەناو ئەم مەرجانەدا بەڕێوەدەبەن. لە هەر چوار بەشی کوردستان ئێمە شێوازێکی بەم چەشنەی تێکۆشان دەکەینە ئامانج و بنەما. بۆ فیدراسیۆنی باشووری کوردستانیش ئێمە تێکۆشانێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی بەم شێوەیە بە ڕاست دەبینین.

لایەنێکی گرنگی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریاش هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک. دەسەڵاتداری دیمەشق و هەتەشە بێگومان سیستەمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریایان قبوڵ نەدەکرد و پەسەندیان نەدەکرد. ئاشکرا بوو کە لەگەڵ باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەوتنە ناو گرژییەکەوە. ئایا ئەمە گرژییەک دەبوو لەناو کەشوهەوایەکی دیموکراتیکدا، یان بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی توندوتیژی دەبوو؟ لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق خاوەنی عەقڵییەتێکی دیموکراتیک نین، شتێکی شاراوە نەبوو کە توندوتیژی بەکاردەهێنن. بێگومان زەمینە و هێزی ئەوەیان نەبوو کە ئەمە بە تەنها بکەن. دوای ئەوەی ڕەزامەندیی هێزە نێونەتەوەییەکان و پشتیوانیی وڵاتانی ناوچەکەیان وەرگرت، هەم بۆ لەناوبردنی ئەم سیستەمە دیموکراتیکە و هەم بۆ شکاندنی ئیرادەی کورد کەوتنە جموجۆڵەوە.

ئاشکرایە کە هێرش کرایە سەر سیستەمە دیموکراتیکەکەی ڕۆژئاوا. تۆم باراک وتی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراسی نابێت، پاشایەتی گونجاوە. ئەمە سووکایەتییەکە بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایستەی دیموکراسی نابینێت. بەم قسەیە هەڕەشە لە باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا. کاتێک پاشایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار بکرێت، بێگومان سیستەمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر پاشایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستەمە نادیموکراتیکەکان وەک مەترسی دەبینرێت. ئەم سیستەمە دیموکراتیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە سیستەمی کاپیتالیزمی مۆدێرنیست دەستنیشانی دەکات، بە واتای مەترسی دێت. یەکێک لە ئامانجەکانی هێرش بۆ سەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی پاکتاوکردنی ئەو مەترسییەیە لەسەر خۆیان.

تورکیا تا ئێستا دیموکراتیکبوونی لەسەر مانەوەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی. بەو بیانووەی کە کورد سوودی لێ وەردەگرن هەنگاوەکانی دیموکراتیکبوونی نەنا. دیموکراسی وەک ئەنجامێکی سروشتی بە واتای دیموکراسیی خۆجێیی دێت؛ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی خۆجێیی. لەبەر ئەمەش تورکیا مەرجی خۆسەریی خۆجێیی ئەورووپا قبوڵ ناکات. وڵاتێک نییە دیموکراتیک بێت بەڵام خۆسەریی ناسنامە جیاوازەکان و خۆبەڕێوەبەری قبوڵ نەکات. ئەگەر دیموکراسی بەدیهاتنی ئیرادەی گەل بێت، ئەوا ئیرادەی خۆجێییش قبوڵ دەکرێت. تورکیا لە شارەوانییەکانی شارەکان لەژێر دەسەڵاتی پارێزگار و لە شارۆچکەکانیش لەژێر دەسەڵاتی قایمقام لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، شتێکی زیاترە. شارەوانی تەنها ئەو گۆڕەپانی کارە نییە کە ڕێگاوبان، ئاو، ئاوەڕۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دەکەن.

نە هێزەکانی هاوپەیمانان، نە هەتەشە و نە تورکیا سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییان قبوڵ نەکرد کە لە ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا. دیموکراسی وەک سیستەمێکی بەڕێوەبردن دەبینن کە سیستەمەکەی ئەوان بێکاریگەر بکات. بۆیە ویستیان بە شکاندنی ئیرادەی کوردان سیستەمی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاکتاو بکەن. لەبەر ئەوەی ئەم سیستەمە پشت بە کۆمەڵگە عەرەب، سریان، چەرکەس، تورکمان و ئەرمەنەکان دەبەستێت، لەلایەن ئیرادەی کوردی شۆڕشی ڕۆژئاواوە ئافرێندراوە. بۆیە هێرش بۆ سەر ئەم ئیرادە کوردییە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. بینییان کە ئەگەر ئەم پارادایمە لە سووریا کاریگەر بێت، ئەوا لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەبێتەوە.

لە وەها دۆخێکدا دەگوترێت، پارادایمەکە لەناوبراوە، بیرۆکەی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک و یەکگرتووی گەلان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک داڕماوە و بووە فانتازیایەک لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا. چۆن سەیری ئەم هەڵسەنگاندنە دەکەیت؟

وتنی ئەوەی کە پارادایمی ئیکۆلۆژی، دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژنی ڕێبەر ئاپۆ و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک داڕماوە، بەمانای گوتنی مرۆڤایەتی پێویستی بە سەرمایەدارییە، سیستەمێکی داگیرکارییە. فوکۆیاما گوتی، مێژوو کۆتایی هاتووە. بە واتایەکی تر دەگوترا، دوا سیستەم بۆ مرۆڤایەتی نیولیبراڵیزمە، لە دەرەوەی ئەمە هیچ سیستەمێکی تری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە. دوای ئەوەی سۆسیالیزمی بونیادنراو بەهۆی هەڵەی ناوخۆییەوە داڕما، ئەمە وەک سەرکەوتنی سەرمایەداری سەیر دەکرا.

ئەگەر ئەمڕۆ سیستەمێکی داڕماو هەبێت ئەوا سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەسەڵاتخواز و دەوڵەتپەرەستە. ئەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی ئێستا ڕووبەڕووی بووەتەوە و ئەو گێژاوەی ئێستا لە جیهاندا هەیە، ئایا وا ناکەن مرۆڤایەتی بزانێت کە دەبێت ئەم سیستەمە هەڵبوەشێنرێتەوە؟ ئەوانەی دەڵێن بیرۆکەی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیکی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داڕما، لە پرۆسەی داڕماندان. ئەوان کەسان و بازنەیەکن کە کۆیلەی بیرۆکەی هەندێکن، بێبەشن لە بیرۆکەی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد. داڕمانی ئەم پارادایمە لە لایەک، ئەم فکرە سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە هیوایەکی نوێیە بۆ مرۆڤایەتی، کە مرۆڤایەتی زیاتر و زیاتر قبوڵ دەکات. ئەمانە قسەی دیماگۆژیکی ئەو بازنەیانەن کە جگە لە سیستەمی نەتەوەپەرەستی و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هیچ سیستەمێکی تر ناناسن. لە ڕاستیدا دژایەتییان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەمە دەڵێت. ئەمانە قسەی ئەو کەسانەن کە لە ناو ئەو پارانۆیایەدان کە ٥٠ ساڵە هەوڵی دۆزینەوەی کەموکوڕییەک لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەدەن، بەڵام گەل، ڕەنجدەر، ژن، گەنجان و هێزەکانی گەڕان بەدوای ئازادیدا ئەم پارادایمە وەک هیوا نابینن.

ئەم پارادایمە ١٤ ساڵە بە کەمکوڕییەکانییەوە لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پراکتیک جێبەجێکراوە. جگە لە تورکیا و نەیارانی ڕێبەرێتی، بووە بە مۆدێلێک کە لە جیهاندا نمونەی نییە. سەلمێنراوە کە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەم پارادایمە دەتوانرێت بنیات بنرێت. لە ڕۆژئاوا کەموکوڕی لە پراکتیکدا هەیە کە دەکرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت و ئێمەش ڕەخنەیان لێدەگرین. بەڵام سیستەمێکی ژیانی کۆمەڵایەتی دامەزرا. ژنان ژیانێکی ئازادیان بەدەستهێناوە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بەدەست نەهاتووە. کورد، عەرەب، چەرکەس، سریانی، ئەرمەنی، تورکمان بەبێ شەڕی یەکتر، بە خوشک-برایەتی دەژین. هەرچەندە ئەم سیستەمە بە هێرشی هێزە نێونەتەوەییەکان، هێزەکانی دوژمنی کورد و دیموکراسی گوزری بەرکەوتووە، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت ئەم بیرۆکە و پڕۆژەیە داڕماوە. تەنها هەندێک گۆڕەپان کە مەبەست لێی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بوو، لەلایەن دوژمنانی دیموکراسیەوە داگیرکران.

 ئەوەش زانراوە کە بیرۆکەکانی حەزرەتی عیسا، محەمەدیش وەک خەونێک سەیر دەکران و دەیانویست وازیان لێبهێنرێت. لە بەرانبەر سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە خەریکە مرۆڤایەتی لەناو دەبات، پێشکەش نەکردنی یۆتۆپیایەک کە ببێتە هیوایەک بۆ مرۆڤایەتی، واتە قبوڵکردنی مردن بە ناوی مرۆڤایەتییەوە. مرۆڤایەتی نەمردووە. پارادایمی ڕێبەرێتی بانگەوازێکە کە نیشانی دەدات مرۆڤایەتی نەمردووە، مەرجەکانی مرۆڤبوون لەگەڵ بەها دیموکراتیکە کۆمەڵایەتییەکاندا زیندوو دەکاتەوە. ئەمە پڕۆژەیەکی ڕزگارییە. مرۆڤایەتی ناتوانێت سیستەمی دەسەڵاتی ئێستای دەوڵەتپەرەستی یان سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری قبوڵ بکات. ئەگەر بیرۆکە و سیستەمێکی داڕماو هەبێت، ئەوا سیستەمی دەوڵەتپەرەستی دەسەڵاتداری پیاوسالارییە. سیستەم دەژی، ژیان دەبەخشێت، ئاییندەی مرۆڤایەتی بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت.

ئایا دەکرێت بگوترێت گەل ناتوانن پێکەوە بژین، تەنها دەتوانن ببنە دوژمن و یەکتر بکوژن؟ ئایا دەکرێت بگوترێت سیستەمێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک درووست نابێت؟ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانکەی مرۆڤایەتییە؛ زۆر بەها لێرەوە بۆ جیهان بڵاوبوونەتەوە. پاشان دۆگماتیزم سەریهەڵدا. لەسەرووی ئەمەشەوە ئەگەر بوترێت هیچ شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەدی نایەت، ئەمە بە مانای پشتگوێخستنی بەها مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. ئەمە ڕوانگەیەکی ڕۆژهەڵاتناسییە، واتە ڕوانگەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بیرۆکەیەکی ڕۆژئاواییەوە. ڕێبەر ئاپۆ پڕۆژەیەکی ڕزگاریی بۆ هەموو مرۆڤایەتی پێشکەش دەکات، بەڵام وەک دەڵێن 'لە هەمان گوند پێغەمبەر نایەت'، دەوترێت کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن پارادایمێکی ڕزگاری لەو شێوەیە بخەنەڕوو. هەڵە نییە ئەوکەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر پارادایمی ڕێبەرێتی بەمجۆرە پێناسە بکەین. لەبری ستایشکردن و پاڵپشتیکردنی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو بەهایانەی کە دامەزراندوویانە، نیشاندانی ڕێبازی پێچەوانە بەو مانایەیە کە 'مرۆڤایەتی ناتوانێت بە شێوەیەکی برایانە و دیموکراسی و ئازاد بژی'. لە سەردەمێکدا کەسانی خاوەن بیرکردنەوەی ڕاستڕەو و فاشیستی دەیانگوت سروشتی مرۆڤ زۆر تاکگەراییە، ناتوانێت سیستەمێکی سۆسیالیستی لەو شێوەیە بنیات بنێت. ڕوونە ئەوانەی لە پارادایمی ڕێبەرێتییدا بەدوای کەموکوڕییەکدا دەگەڕێن، لە هەمان هەڵەدادان. بە کورتی ئەم پارادایمە و پڕۆژەکەی داڕماوە؛ بە پێچەوانەوە زیاتر گەشە دەکات و گەل خاوەندارێتی لێ دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار