تورکیا شەش مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم خستوەتەڕو

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی تورکیا کە لەم دواییانەدا سەردانی عێراقی کردوە، شەش مەرجی پێشنیاز کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
سەباح سوباحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، مەرجەکانی تورکیا بریتین لە جێگیرکردنی کرێی گواستنەوەی نەوت تا بەندەری جەیھان کە تێچووی گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوتی بە ١٣ دۆلار خەمڵاندووە، ھەروەھا دوایکردووە بەغداد ئەو سکاڵایە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بکشێنێتەوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ و لەسەر ئەنقەرەی تۆمارکردووە.
باسی لەوەشکردوە، مەرجەکانی دیکەی تورکیا تایبەتن بە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا کە بە حەوت دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک مەزەندەی کردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، مەرجێکی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە داوای شایستەکانی دەکات لەبری رێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کۆمەڵێک مەرجی دیکە کە شاندەکەی تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ عێراق خستویەتییە سەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەبەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.

