لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی کەریم عەلی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سکاڵایەکی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمەوە لەسەر تۆمارکراوە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی" لە مەرزی پەروێزخان.
کەریم عەلی، کە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشکی گۆران رایگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی بەشی یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و فەرمانەکە دراوە بە هێزەکانی ئاسایش، لەکاتێکدا دەبوو سکاڵاکە لای هێزکانی پۆلیس بێت.
کەریم عەلی دەڵێت، ئەو سکاڵایەی کراوە پەیوەندی بە چەند وتەیەکییەوە هەیە کە لەسەر "شاردنەوەی تەنکەرەکانی نەوت" کردبووی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا. لەمیانی بەرنامەکەدا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پەخشکرا، کەریم عەلی تۆمارێکی دەنگی لێدەدات کە ئاماژەیە بەوەی تەنکەرە نەوتییەکان بشاردرێنەوە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ئەو دەنگە تەنها بەشێکە لە 10 تۆماری دەنگی و بە "بەڵگەوە" قسەی کردووە و هەموو بەڵگەکان دەباتە بەردەم دادوەر.
کەریم عەلی دەشڵێت، بەهۆی ئەەوەی ئەو پاریزبەندی هەیە دەبوو لەرێی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئاگداربکرایەتەوە بەڵام ئەو رێکارە نەگیراوەتەبەر و تەنها بە تەلەفون پێی وتراوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.

