باڵی کامیلی حاجی عەلی حزبێکی نوێی راگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵی کامیلی حاجی عەلی رایگەیاند بەشداری گەڕی دووەمی کۆنگرەی سیانزەیەمی بزوتنەوەی ئیسلامی ناکەن و حزبێکی نوێیان راگەیاند، بەناوی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باڵی کامیلی حاجی عەلی باڵی عیرفان عەبدولعزیزی بە ئەنجامدانی پیشێلکاری لە کۆنگرە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، کە "کۆنگرە ی بزوتنەوە پیشێلکاری تێدا بووە و باڵی عیرفان عەبدولعەزیز گەورەترین ساختەکاری کردووە و لەبری زیاتر لە دوو هەزار کەس ئیمزای کردووە و زانیاری ناڕاستی داوە."
باڵەکەی کامیل حاجی عەلی دەشڵێت، "عیرفان عەبدولعەزیز پەیمانی خۆی شکاند و پەیڕەوی ناوخۆی پێشێلکرد چونکە وتی خۆی کاندید ناکاتەوە بۆ رابەڕ بەڵام دیسانەوە خۆی کاندید کردەوە."
لە کۆنگرەکەدا باس لەوەش کرا، "لەبەر ئەو هۆکارانە و لەبەر بەرژەوەندی گشتی بڕیارماندا بە بەشدارینەکردنی کۆنگرە و راگەیاندنی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی."
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی سیانزەهەمین کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆنگرەکە بەهۆی تەواونەکردنی رێژەیی یاساییەوە دواخرا و ناکۆکییەکەی زۆر لەنێوان هەردوو باڵەکە دروستبوو.
