یەكێتی مامۆستایانی كوردستان: ئەم بێباكییەی حكومەت مەودای دوری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وه‌ڵامی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌داته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت "ئەم بێباكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دوری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات".

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، باسی له‌وه‌كردوه‌،دابەشكردنی دو موچەی مانگەكانی (8 و 9)ی ئامانجی بایكۆته‌كه‌یانه‌ و دەشڵێت، "چاوەڕێی حكومەتی هەرێم بوین، كە بۆ یەكجاریش بێت یەك داواكاری مامۆستایانی نیگەران جێبەجێ‌ بكات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای (ڕاگرتنی موچە و پاشەكەوتی موچە و موچەی هەڵپەسێردراو و بڕدراو و چارەكە موچە و سێ‌ روبعە موچە) كە لە 8 ساڵی رابردودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و موچەی مانگەكانی (7 و 8 ) بەیەكەوە دابەش بكات، ئەمجارەش حكومه‌تی هه‌رێم كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆشكرد، "بۆیە ئەم بێباكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دوری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات".

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ده‌ڵێت، "بۆ راستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی داواكارین لە حكومەتی هەرێم موچەی هەردو مانگەكانی (8و 9) شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجبكات، جێبەجێ‌ كردنی ئەم داواكارییە دەبێتە متمانە بەخشینەوە و بوژاندنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن".

ڕاگەیەندراوەکەی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە کاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: " زیاتر لە دو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردوە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە، وەک ئاماژەیان پێدا موچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ."

ئەوەش خراوەتەڕو، داواکارن بە زوترین کات دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی ڕابردو زیانی هەبوە و هیچ بوارێک نییە تا گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار