لە بەردەڕەش مامۆستایانی وانەبێژی 10 خوێندنگە بایکۆتیان راگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە قەزای بەردەڕەش سەر بە سنوری پارێزگای دهۆک مامۆستایانی 10 خوێندنگە کە ژمارەیان زیاترە لە 100 مامۆستا بایکۆتیان راگەیاند بەهۆی دانەمەزراندنیانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2023، 104 مامۆستای وانەبێژ لە 10 خوێندنگەی سنوری بەردەڕەش واژۆیان کۆکردووتەوە بۆ بایکۆتکردنی دەوام، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە دامەزراندنی هەمیشەییان بۆ ناکرێت.
لەو بارەیەوە کاروخ عەبدوڵلا، نوێنەری وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت، "ئەمرۆ وانەبێژانی 10 خوێندنگا لەسنوری پەروەردەی بەردەڕەش لەسنوری پارێزگای دهۆک بایکۆتی دەوامیان کردووە، هاوکات لە پەروەردەی ئاکرێ و چۆماننیش بەهەمانشێوە بایکۆت کراوە، کۆی گشتی ئەو هەرسێ پەروەردەکە دەگاتە 20 خوێندنگە."
لەساڵی 2022 وەزارەتی دارایی وئابوری کۆنوسێکی تایبەت بە دامەزراندنی وانەبێژان بەشێوەی گرێبەست پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کردووە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. کۆی گشتی ژمارەی وانەبێژانی هەرێم 36 هەزار وانەبێژە.
کاروخ عەبدوڵلا دەڵێت بەردەوام دەبن لە بایکۆت هەتا ئەوکاتەی ئەو کۆنوسە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە جێبەجێ دەکرێت، دەشڵێت، "ئێستا مووچەی وانەبێژان دەگاتە 13 ملیار و 500 ملیۆن دینار، ئەگەر بکرێنە گرێبەست تەنها پێویستی بەچوار ملیاری تر هەیە، تاکە داواکاریمان ئەوەیە هەموو وانەبێژان بکرێنە هەمیشەیی."
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەندین ساڵە وانەبێژانی سەرجەم پارێزگاکان داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن. مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانیش لە سەرەتای دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە بەهۆی دواکەوتنی موچە بایکۆتیان راگەیاندووە.
