وەزارەتی بەرگری تورکیا: 22 پێگەمان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرت

2 ساڵ لەمەوپێش



وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند 22 پێگەی پەکەکەیان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرتووە و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری وڵاتەکەش دەڵێت لەمەودوا سەرجەم پێگەکانی یەپەگە و پەکەکە لە سوریا و عێراق ئامانجیان دەبێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیمان بۆ سەر 22 پێگەی پەکەکە لە هەرێمەکانی مەتینا، خواکوڕک، گارە، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامداوە و چەندین چەکداری پەکەکە کوژراون."

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بە ژمارەی قوربانییەکان نەداوە و دەڵێت، 22 ئەشکەوت، کۆگا، حەشارگە و ژێرزەمینیان بە ئامانج گرتووە. تا ئێستا هەپەگە ئەم هێرشانەی تورکیای پشتڕاستنەکردووەتەوە کە ماوەی دوو رۆژە بەردەوامە.

پێشتر کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی چوار جار سنوری ماوەتیان بۆردومان کردووە لە گوندی گەڵاڵە لە سێ شوێن بۆردومان بووە، هاوکات لە سنوری گوندی شینکێ و باساوێش بۆردومانێکی تر کراوە.

هاوکات لەسەر هیرشەکەی یەکی ئەم مانگە بۆ سەر ئاسایشی گشتی ئەنقەرە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا وتارێکی پیشکەش کرد و رایگەیاند، "به‌و ئه‌نجامه‌ گەیشتووین ئەو دوو چه‌كداره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆیان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌نجامدا، له‌ سووریاوه‌ هاتوون، سه‌رجه‌م ناوه‌ند و چالاكییه‌كانی  یەپەگە و پەکەکە له‌ سووریا و عێراق ئامانجمان دەبێت، تا ئه‌و كاته‌ی ئەوان لەو جوگرافیایه‌ له‌ناو ده‌چن و ده‌ڕۆن." 

بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم وتانەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا و حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی ئێستای بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار