ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدەنە تورکیا
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، لەسەر هێرشە ئاسمانییەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان هۆشداریی دەداتە توركیا و دەڵێت: مافی خۆمانە بەرگریی بکەین، ئەمەریکاش دەڵێت: دەبێت چالاکییەکان لە ململانێ دووربخەینەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، "لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ناهاوئاهەنگ لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەنجامدراون،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دەڵێت، "دژی ئەو كارانەین كە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكەو سەلامەتی هێزەكانمان و هێزە هاوبەشەكانمان و خەڵكی مەدەنییش دەخەنە مەترسییەوە، كە سەرەنجام دەبنە هۆی پەرتەوازەبوونی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، بەناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە توركیا كردووە، كە هەر كاتێك رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە و هێزكانیان بكەوێتە مەترسییەوە، مافی ئەوەیان هەیە بەرگری لەخۆیان بكەن و وەڵامی هێرشەكان بدەنەوە.
لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا سوپای توركیا بە 30 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، هێرشێكی فراوانی ئاسمانی كردە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و چەندین پێگەی بۆردومانكرد، لەوانە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەپێی ئامارەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، 15 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە هەشت كەسیان هاووڵاتی مەدەنی بوون.
