لاهور شێخ جەنگی: دەبێت پیلانداڕێژەر و بکوژانی هاوکار جاف بە سزایی یاسایی خۆیان بگەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە یەکەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی عەقید هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەبێت پیلانداڕێژەر و بکەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."
لە رۆژی هەیینی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، تەقینەوەیەک لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر رویدا کە دواتر دەرکەوت دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار جافدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکی لەسەر روداوەکە دەستگیرکرد کە سەر بە دژەتیرۆری یەکێتی بوون و رایگەیاند، کردەوەکە بە فەرمانی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی گشتی دژەتیرۆری یەکێتی ئەنجامدراوە. دوای چەند مانگێک داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی لە بەرپرسانی سلێمانی کرد و ئەم کێشەیەش تا ئێستا بابەتێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتییە.
هاوکار جاف بە کەسێکی نزیکی لاهور شیخ جەنگی لە قەڵەم دەدرا و لە ساڵیادی گیانی لەدەستدانیدا لاهور شێخ جەنگی پەیامیکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: لە ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید (عەقید هاوکار جاف)، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدە قارەمانە دادەنەوێنم، شەهید هاوکار ئەفسەرێکی لێهاتوو بوو، نموونەی ئازایەتی و دڵسۆزیی و خزمەتکردن بوو لە کارەکەیدا.
لاهور شیخ جەنگی دەشڵێت، "بە داخەوە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن چەند کەسێکی نامەردەوە زۆر بێویژدان و بێڕەحمانە بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانییەوە شەهید کرا، بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحی شەهید هاوکار ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە دەبێت پیلانداڕێژەر و بکەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."
