یەکێتی هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی یەکلایی دەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی نوێی حزبه‌كه‌ دەستیپێکرد، كه‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه‌.

بەپێی ماددەی 22 لە خاڵی چواری پەیڕەوی پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دوای کۆنگرە سەرۆکی یەکێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکات بۆ یەکەم کۆبوونەوە، کە ژمارەیان 60 ئەندامە و بە سەرۆکی یەکێتییەوە دەبنە 61 ئەندام.

بەپێی زانیارییەکان  تا ئێستا ئەجێندایەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە نییە، بەڵام ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا یەکلا دەکرێتەوە، هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، کە ژمارەیان لە 12 بۆ 14 ئەندام دەبێت، هاوکات ئەگەری هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی هەیە.

هاوکات ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە نوێترین ژمارەیدا لە ڕاپۆرتێکدا ناوی کاندیدانی یەکێتی بۆ مەکتەب سیاسی ئەو حزبە بڵاوکردەوە و تیایدا سەرچاوەیەكی ئاگادار لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»10 كەس لەم ناوانە دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كاندیدی بەهێزن ئەوانیش ( رەفعەت عەبدوڵا ، ئاسۆ مامەند،  ستران عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، عیماد ئەحمەد، خەسرەو گوڵ محەمەد، جوان ئیحسان، قوباد تاڵەبانی، هاوڕێ دارۆی شێخ نوری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەمین بابەشێخ).

سەرچاوەكە وتیشی:»ئەو كەسانە راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دیاری دەكرێن".

هەفتەی ڕابردوش ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نەكراوە هەركات كۆبوونەوە بكرێت ئەوكاتە بڕیار لەسەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەدرێت».

بەپێی پەیڕەوی یەکێتی ئەو کەسانەی پۆستی حکومییان هەیە، بۆیان نییە ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بەڵام ئەو دەسەڵاتە دراوە بە سەرۆکی یەکێتی کە بتوانێت بەپێی پسپۆڕی یان هەڵکەوتەی جوگرافی ئەندامانی سەرکردایەتی زیاد بکات.

دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە 124 ئەندامەوە بۆ 61 ئەندام کەمکرایەوە، ئێستاش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە سەرۆکی یەکێتی، دەتوانێت ژمارەی ئەندامەکان زیاد بکات بۆ نزیکەی 75 ئەندام.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار