ڕۆیتەرز: 11 ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى رۆژئاوا لە هێرشەکانی تورکیادا شەهید بوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە درەنگانی شەوی رابردووەوە، سوپای تورکیا، لە تۆپباران و بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و ئاژانسی ڕۆیتەرسیش دەڵێت 11 ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى رۆژئاوا شەهیدبوون.

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لە زارى روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ بڵاوى کردەوە، لەهێرشەکەى شەوى رابردوى سوپاى تورکیا، 11 ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ (کوردى)، شەهید کراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.

بەپێی راگەیەندراوێکى پێشترى هەسەدە، رۆژى 5ى ئەم مانگە، هێزەکانیان هێرشیان کردوەتە سەر بنکەی یابیسە لە نزیک گرێ سپی و ناوچەکانی دەوروبەریدا بەهۆیەوە، شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و حەوت سەربازی دیکەش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشکردوە تورکیا وێستگەیەکی کارەبای لە ناوچەی دێرک و هەروەها پێگەکانیان لە دەشتەکانی عامودێ و تەلرفعەت و شەهبا بۆردومانکرد.

هاوکات مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)،شەوی ڕابردوو رایگەیاند تورکیا لەماوەی سێ رۆژدا 145 شوێنی بەرێوبەری خۆسەری بۆردومانکردووە کە زۆربەیان پێگەی مەدەنین بۆ پەکخستنی ژیان لە ناوچەکەدا، دەشڵێت، لەنابردنی ئەم پێگانە "تاوانی جەنگە."

مەزڵوم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لەماوەی 72 کاتژمێردا تورکیا زیاتر لە 145 پێگەی سەلامەتی ئێمەی بۆردومان کردووە لەوانە وێستگەی کارەبا، ئاو، وزە و هەروەها نەخۆشخانە و قوتابخانەکان." 

دوای تەقینەوەکەی یەکی ئەم مانگە لە ئەنقەرەی پایتەخت لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا، حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی چری بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان. لەدوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشەکەی لەئەستۆگرت و تورکیا ئەمەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرشکردنەسەر بەرێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار