بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە بۆ سەر گوندەواری عەین عیسا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی بۆردومانکردنی هێزەکانی تورکیاوە، بۆ سەر گوندەکانی گوندەواری عەین عیسا، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی تورکیا چواردەووری شارۆچکەی عەین عیسایان بۆردومان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیادا دێت بۆ سەر رۆژئاوا، کە لە پێنجشەممەی رابردووەوە دەستیانپێکردووە، لە کاتێکدا تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج و لە ئەنجامدا دەیان قوربانی و وێرانکردنی دامەزراوە و ژێرخانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
دانیشتوویەکی شارۆچکەی عەین عیسا رایگەیاند، ئەو دوو منداڵە، کە ئامۆزای یەکترن، نادیە ئەلعەیاش (8 ساڵ) و عەلی ئەلعەیاش (6 ساڵ) بوون، کە لە ئەنجامی تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی ئەلمەستوورە، لە باکووری رۆژئاوای شارۆچکەی عەین عیسا، شەهیدکران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکەی تورکیا، گوندەکانی دانیشتووانی سەر هێڵی بەرکەوتن لە گوندەواری عەین عیسایان کردووەتە ئامانج.
جێگەیباسە یەکشەممەی ڕابردوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لەماوەی 72 کاتژمێردا تورکیا زیاتر لە 145 پێگەی سەلامەتی ئێمەی بۆردومان کردووە لەوانە وێستگەی کارەبا، ئاو، وزە و هەروەها نەخۆشخانە و قوتابخانەکان." دەشڵێت، لەنابردنی ئەم پێگانە "تاوانی جەنگە."
دوای تەقینەوەکەی یەکی ئەم مانگە لە ئەنقەرەی پایتەخت لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا، حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی چری بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان. لەدوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشەکەی لەئەستۆگرت و تورکیا ئەمەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرشکردنەسەر بەرێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوا.
بەرپرسانی تورکیا لە دوای هێرشەکە رایانگەیاند کە تەواوی ژێرخانی ئابوری و ستراتیجی ناوچەکە بەئامانج دەگرن بەهۆی ئەوەی کە ئەو دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە سوریاوە هاتوون، هەرچەندە بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان رایانگەیاندووە کە ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن راست نییە و ئەو دوو کەسە لە رۆژئاوای کوردستانەوە نەهاتوون.
