نێچیرڤان بارزانی : مووچە مافێکی سەرەتاییە و نابێت ببێتە هەواڵ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ هه‌ردولاوه‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز نییه‌ كه‌ كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە "زۆر بە شەفافی" لەگەڵ بەغدا مامەڵەی کردووە و نابێت ئەم کێشەیە بەردەوام بێت. دەشڵێت، نابێت مووچە ببێتە هەواڵی میدیاکان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری رایگەیاند، پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی هێندە خراپ نییە کە کێشەی گەورەی لێبکەوێتەوە، لە دوای کۆچیی دوایی مامجەلال یەکێتی بە دۆخێکی جیاوازدا تێپەڕی، بۆیە پێویستە لە شێوازی کارکردن یەکێتی و پارتی میکانیزمێکی هاوبەش بدۆزنەوە.

لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، پێویستە هەردوولا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و هەرێمی کوردستان دەبێت لەوە تێبگات کە قووڵایی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان، بەغدایە و دەبێت کێشەکانی لەوێ چارەسەر بکات.

ئەوەشی خستەڕو، لە نێوان هەرێم و عێراق ئیرادەیەکی بەهێز نییە تاوەکو کێشەکان بەبێ مێزی گفوتگۆ چارەسەربکرێت، هەڵسوکەتی نێوان هەرێم و بەغدا نابێت بە بەهێزی دیاریبکرێت و ئەو تێڕوانینە تەنها کێشە بۆ هەردولا دروست دەکات.

باسی لەوەشکرد، بنیادی دەوڵەتی نوێی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بوە و کاری یەک لایەن نییە، حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بەوپەڕی شەفافیەتیەوە کاری لەگەڵ حکومەتی بەغدا کردوە، نابێت هاتن و نەهاتنی موچە ببێتە هەواڵی گەرم، بۆیە لەسەر لایەنەکانی بەغداش پێویستە وەکو حکومەتی هەرێم بەرگری لەو مافەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت بە دیاریکراوی بەهۆی دو کێشەیە، یەکەمیان پارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە، بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک شەش دۆلار دانراوە، ئەو پارەیەش زۆر کەمە و کۆمپانیاکان پێی رازی نین.

رونیشیکردەوە، عێراق لە کێلگە نەوتییەکانی گەیارە 30 دۆلاری بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت دابین کردوە، بەڵام بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم شەش دۆلار دابینکراوە، ئەمەش بە مانای ئەوە  دێت کێشەی هەناردەی نەوت لە عێراقە نەک تورکیا.

لە بارەی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرۆکی هەرێم ئەوەی خستەڕو، بە بەردەوام لەگەڵ تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی گفوتگۆ دەکەن، تورکیا چەند نیگەرانییەکی هەیە و تاوتوێکردنی ئەو پرسە بەردەوامە.

لەبارەی جەنگی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل  نێچیرڤان بارزانی وتی، "کەس بەقەد ئێمە نازانێت ناخۆشی و شەڕ یانی چی، بە بەردەوام گوتوومانە و دەیڵێین، ئەم کێشەیە بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و دەبێت بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێت."

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، "مافی گەلی فەلەستینە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و بە ئاشتی لەو ناوچەیەدا بژین. ئەمەی کە ئێستا کراوە، بابەتی گەمارۆی سەر غەززە، زۆرمان پێناخۆشە. ئەمە [دۆخەکە] بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار