بافڵ تاڵه‌بانی: به فشار و هێرش و درۆن دایالۆگ ناكه‌ین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی رایگەیاند، شاندێكی یه‌كێتی سه‌ردانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌سه‌ر داهاتو بكرێت و چیتر له رابردودا نه‌مێنینه‌وه و دەشڵێت، "ره‌نگه ئه‌مكاته نه‌توانین موچه وه‌ك پێویست دابینبكه‌ین، به‌ڵام زۆر شت هه‌یه ده‌توانین بیكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌منیه‌تی خەڵک بپارێزین".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" لە دیداری مێری قسەی کرد. باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ تورکیا، هەروەها لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش کرد.
بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجی حیزبەکەی ڕایگەیاند، " قسه‌ی زۆر سه‌یر ده‌كرا له‌باره‌ی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، به‌ڵام به‌قسه‌ی تێكۆشه‌ره‌كان كه‌مجار كۆنگره‌ی وا رێك‌وپێك و باشمان هه‌بوه، یه‌ك گله‌ییم هه‌بو، ئه‌وه‌بو زو ته‌واوبو، حه‌زم له‌و قه‌ره‌باڵغیه بو".
وتیشی، "پێموایە ئەم سەرکردایەتییەی (یەکێتی) تێکەڵەیەکی زۆر باشی تێدایە لە خەڵکی بە ئەزموون و گەنج، تاوەکو لەیەکەوە فێربن. جا ئەمە ئامانجێکی دیکەی ئێمەیە. کادر دروستکردن، بەرەوپێشبردنی حیزب. "
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان وتی، "پێویستە بەزووترین کات هەڵبژاردن بکەین، حیزبەکان ناتوانن ببن بە بەدیلی حکومەت و یەکێتی بەنیازی ئەوەش نییە." باسی لەوەش کرد، "هەموو حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە، دەتوانین بەهێزتر بین."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێستا دۆخی موچه هه‌موان ده‌زانن، ره‌نگه ئه‌مكاته نه‌توانین موچه وه‌ك پێویست دابینبكه‌ین، به‌ڵام زۆر شت هه‌یه ده‌توانین بیكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌منیه‌تیان بپارێزین، یه‌كێك له شته‌كانی دیكه كه ده‌بێت بكرێت، دادوه‌ره‌كان به‌ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ بن و ئێستاش ئه‌وه هه‌یه به‌ڵام ده‌بێت زیاتر بێت له سلێمانی، سلێمانی ببێته‌وه به‌هه‌شتێك بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان و رۆشنبیران و نوسه‌ران".
ده‌شڵێت، "له 1991ه‌وه حوكمی سه‌دام نه‌ماوه، بۆچی كاره‌بامان نیه، ئاو وه‌ك پێویست نیه، بۆچی گه‌نجه‌كانمان راده‌كه‌ن له‌م وڵاته".
بافڵ تاڵه‌بانى له‌سه‌ر كێشه‌كانى نێوان حزبه‌كه‌یی‌و توركیا هاته‌ده‌نگ‌و ڕایگه‌یاند، "كێشەی ئێمە لەگەڵ توركیا قورسە چارەسەر بكرێت"، ده‌شڵێت، "بەجدی من ناچم بۆ توركیا‌و ناتوانم بچم بۆ توركیا، چونكه توركیا به‌بێ هۆ سێ هاوڕێى نزیكى منى له‌عه‌ربه‌ت شه‌هید كرد، دواتر توركیا دەڵێت چەند حزبێك هەیە لەسلێمانی دەبێت دابخرێن".
وتیشی، "ئێمه ویستومانه په‌یوه‌ندیه‌كانمان باش بێت له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ڵام ئه‌وان نایانه‌وێت، ئه‌وان ده‌ڵێن چەند حزبێك هەن لەسلێمانی دەبێت دابخرێت، من چومه به‌غدا له‌گه‌ڵ فایه‌ق زێدان سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق كۆبومه‌وه وتم ده‌توانم دایان بخه‌م وتى نه‌خێر ئه‌وانه حزبی فه‌رمین".
په‌یامێكیشى بۆ توركیا نارد‌و وتى، "بەخوا بەزەخت‌و هەڕەشەو درۆن دیالۆگ ناکەم، من به‌یانیان هه‌ڵده‌ستم درۆنێك ده‌سوڕێته‌وه به‌سه‌رمه‌وه، من سڵاوێكى لێده‌كه‌م، دواتر باسى په‌یوه‌ندیى ئێمه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه ده‌كه‌ن ڕاست نییه، خۆ له‌شه‌ڕى داعش كاك مه‌سعود به‌فه‌رمى سوپاسى په‌كه‌كه‌ى كرد".
له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا تاڵه‌بانى داواى لێبوردنى له‌وڵاتانى بیانی كرد‌و جه‌ختیكرده‌وه، "به‌ڕاستى داواى لێبوردنتان لێده‌كه‌م سه‌ربارى ماندوبونتان به‌ده‌ستمانه‌وه، شێتیش بون به‌ده‌ستمانه‌وه"
