حکومەتی هەرێم: ئەرکی خۆمان جێبەجێکردووە؛ پێویستە لەکاتی خۆی پارەمان لە بەغداوە بۆ مووچە بۆبێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە موچەی موچەخۆرانی هەرێم وەک پاریزگاکانی تری عێراق بێ هیچ ئاستەنگێک دابەشبکرێت و دەشڵێت، "هەموو داتا و زانیارییەکانی موچەخۆرانی هەرێم" بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی تۆمارکراوە. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدرا و تێیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاووتوێی مووچە، نەوت و رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە.

حکومەتی هەرێم جەجتی لەوە کردووەتەوە کە "پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمه‌وه‌ وەربگرن."

هاوکات باس لەوەشکراوە "پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ."

لەسەر هەماهەنگی و رادەستکردنی زانیاری موچەخۆران بە بەغدا، حکومەتی هەرێم دەڵێت، "هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیسته‌مێکی ئەليکترۆنیى پێشکەوتووی بایۆمەتریی.... لەبەرامبەردا  ئەرکی حکومەتی فیدراڵە کە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات."

سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتیش، حوکمەتی هەرێم رایگەیاندووە،  "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە تورکیاوە زیانی دارایی گەورەی بە داهاتی گشتیی عێراق و هەرێم گەیاندووە" و "لەنێو خشتەکانی بودجەی فیدراڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تاوەکو شایستەکانی هەرێم رابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرن."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار