د. یوسف محەمەد: بە فەرمانی مەسعود بارزانی ھێزێکی چەکدار رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ په‌رله‌مان لێگرتین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێکدا دەڵێت، روداوی رێگری لێکردنیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان پێشبینی کراوبو، چونکە "ئەو رۆژەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردراین، بڕیارمان دابو نەچینە ژێر باری ھیچ کارێک کە رێی چونە ناو خەڵکمان لێبگرێ"

د. یوسف محەمەد له‌ نوسینێكدا له‌ ساڵیادی رێگریكردن لێی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر و سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند، "ھەشت ساڵ لەمەوبەر لە 12ی ئۆکتۆبەری 2015، ھێزێکی زۆری چەکدار بە فەرمانی راستەوخۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، رێیان لێگرتین بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و، بۆ ماوەی دو ساڵ پەرلەمانیان داخست".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوە، روداوی رێگری لێکردنیان "بۆ ئێمە پێشبینی کراوبو، چونکە ئەو رۆژەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردراین، بڕیارمان دابو نەچینە ژێر باری ھیچ کارێک کە رێی چونە ناو خەڵکمان لێبگرێ، ھەر بۆیەش ئاسایی بو بەلامانەو رێی چونە پەرلەمانمان لێبگرن چونکە ئەوان نەیانتوانی رێی چونە ناو خەڵکمان لێبگرن"

 

دەقی نوسینەکە:

هەشت ساڵ لەمەوبەر لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015، هێزێكی زۆری چەكدار بە فەرمانی راستەوخۆی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، رێیان لێگرتین بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و، بۆ ماوەی دو ساڵ پەرلەمانیان داخست.

روداوی رێگری لێكردنمان بۆ ئێمە پێشبینی كراو بو، چونكە ئەو رۆژەی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردراین، بڕیارمان دابو نەچینە ژێر باری هیچ كارێك كە رێی چونە ناو خەڵكمان لێبگرێ، هەر بۆیەش ئاسایی بو بەلامانەو رێی چونە پەرلەمانمان لێبگرن چونكە ئەوان نەیانتوانی رێی چونە ناو خەڵكمان لێبگرن.
ئەوان رێی پەرلەمانیان لێگرتین چونكە ئێمە نەچوینە ژێر باری داواكارییە بەردەوامەكانی ئەوان بەوی پەرلەمان هەر وەك جاران بكەینە دیوەخانی دەست بەرز كردنەوە بۆ خواستەكانی ئەوان. ئێمە ئەمانویست پەرلەمان دامەزراوەیەكی بەهێزی چاودێری بێ بۆ رێگری كردن لە گەندەڵی، جێبەجێ نەكردنی یاساكان و سەروەر نەبونی یاسا؛ ئێمە ئەمانویست پەرلەمان بە كردەیی مینبەری گەیاندنی خواست و داواكارییەكانی هاونیشتیمانیان بێ و بیان كاتە پەیڕەوی حوكمڕانی؛ ئێمە ئەمانویست هیچ هێزێك لە سەرو پەرلەمانەوە نەبێ و هەمو هێزەكان لەژێر بنمیچی پەرلەمان لەڕێی پەرلەمانتارانیانەوە پێكەوە گفتوگۆ و بڕیار بدەن؛ ئێمە ئەمانویست پەرلەمان كراوە بێ بۆ هاونیشتیمانیان، میدیاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چاودێر بن بەسەر كاری پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران؛ ئەمانویست ناوەندە ئەكادیمییەكان، دادگاكان و رێكخراو و كەسایەتییە تایبەتمەندەكان بەشدار بن لە داڕشتنی یاساو بڕیارەكان هەر یەكەو بەپێی پسپۆڕیی خۆی؛ خۆلاسە ئەمانویست لەڕێی پەرلەمانەوە حوكمڕانییەكی رەشیدی سەردەمیانەی خەڵك سالار بێنینە كایەوە، ئەمەش پێچەوانەی خواستی كاستی دەستڕۆشتوی هەرێم بو، بۆیەش پەرلەمانیان داخست.

ئەوان بە هێزی چەكدار رێی پەرلەمانیان لە ئێمە گرت، ئێمە بە هاوكاریی رەوەندی كوردی لەڕێی هەڵمەتێكی دیبلۆماسییەوە رێی ئەوروپامان لێگرتن و، دواجاریش لەڕێی داوایەكەوە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی درێژكردنەوەی ناشەرعیی پەرلەمانمان لێهەڵوەشاندنەوە. ئەگەر داخستنی پەرلەمان لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 داخستنی دەرگا بو بەڕوی هەر جۆرە چاكسازییەك لە رژێمی حوكمڕانیی پاش راپەڕین، ئەوا داخستنی پەرلەمان بە بڕیارێك لە 30ی ئایاری 2023 بەمانای كۆتایی هاتنی شەرعییەتی كۆی ئەو رژێمە حوكمڕانییەو پێوستیی هێنانەكایەی سیستمێكی حوكمڕانیی دیموكراسی و سەردەمییانەیە.

ئەمڕۆ كە ئاوڕ لە دواوە ئەدەینەوە، سوپاسی خوا ئەكەین كە بە سەربەرزییەوە لە تاقیكردنەوەی پۆست و دەسەڵات هاتینە دەرەوە، سوپاس بۆ هەمو ئەوانەی لە ناوە یان لە دەرەوەی پەرلەمان  پێكەوە هاوكار بوین بۆ هێنانەكایەی ئەو ئامانجانە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار