بایدن: هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باری لەناکاوی نیشتمانی لە سوریا بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژکردەوە و دەڵێت، هەر هێرشیکی تورکیا بۆ باکوری سوریا "مەترسییە بۆ هاوڵاتی مەدەنی و ئاشتی ناوچەکە و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا."
لە راگەیاندراوێکی کۆشکی سپیدا هاتووە کە جۆ بایدن دەڵێت، "دۆخی سوریا و بەتایبەتی کردەوەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا کەمپینی تێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا لاواز دەکات."
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا دەذشڵێت، هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا "مەترسی دەخاتەسەر ژیانی هاوڵاتی مەدەنی و هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها هەڕەشەیەکی نائاسایی و گەورەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا."
لە راگەیاندراوەکە باس لەوەش کراوە کە "لەبەر ئەم هۆکارە، ئەو بارە لەناکاوەی لە 14ی تشرینی یەکەمی 2019 لە سوریا راگەیاندرا پێویستە بەردەوام بێت و تا ساڵێکی تر درێژی دەکەمەوە."
دوای ئەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2019، تورکیا ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و دەستیگرت بەسەر سەریکانێ و گرێسپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باری لەناکاوی نیشتمانی لەنێو سوریا راگەیاند.
لەدوای 1ی ئەم مانگەوە تورکیا هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لە رۆژئاوا چەندین پێگەی ئابوری و ژێرخانی ناوچەکەی بە بۆردومان وێرانکردووە. تا ئێستا نزیکەی 34 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان شەهید بوون.
