یەکگرتووی ئیسلامی: هاوخەمی خۆمان بۆ غەززە دەردەبڕین کە لەژێر دڕندانەترین گەمارۆ و بۆردوماندایە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ فەڵەستین و دەڵێت، "هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان رادەگەیەنین بۆ دانیشتوانی كەرتی غەززە كە لە ژێر دڕندانەترین گەمارۆ و بۆردومانی ئاسمانیدان."

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی لەسەر چەند تەوەرێک کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و جەختی کردەوە لەسەر چارەسەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و رایگەیاند، پێویستە بەزوترین کات ئەو کێشەیە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق چارەسەر بکرێت "بەشێوەیەك موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق لە كاتی خۆیدا موچەكانیان بەدەست بگات." 

هاوکات لەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو دەڵێت، "پشتیوانی خۆمان لەمافی رەوای گەلی فەلەستین بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و پیرۆزیەكانی موسڵمانان بە تایبەتی مزگەوتی ئەقسای پیرۆز [دەردەبڕین] كە ئەركێكی ئاینی و شەرعیە و روودەكاتە سەرجەم موسڵمانان.. هاوكات هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان رادەگەیەنین بۆ دانیشتوانی كەرتی غەززە كە لە ژێر دڕندانەترین گەمارۆ و بۆردومانی ئاسمانیدان."

دەقی راگەیاندراوی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو:

ڕۆژی پێنج شەممە 12/10/2023 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا صلاح الدین محمد بهاءالدين ئەمینداری گشتی و د. محەممەد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری كۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.

لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا تیشك خرایە سەر باروخی هەرێمی كوردستان و عێراق وناوچەكە بە گشتی بەتایبەتی باری خراپی بژێوی موچە خۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و جەختكرایەوە لەسەر زەرورەتی ئەو كێشەیە بە زوترین كات لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق، بەشێوەیەك موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق لە كاتی خۆیدا موچەكانیان بەدەست بگات و میكانزم و رێ و شوێنی پێویستی بۆ بگیرێتە بەر بەدوور لە ململانێ و ناكۆكیە سیاسیەكان.

هەر لەوبوارەدا سەركردایەتی یەكگرتوو بە پێویستی دەزانێت حكومەتی كاربەرێكەری هەرێم كێشەی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژ و خۆبەخش و گرێبەستەكان چارەسەر بكات بۆ ئەوەی دۆخی ئاسایی و دەوامی رۆژانە بگەرێتەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن و نەخۆشخانەكان و سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی ناوچەكانی هەرێم.

لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە،كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە پێویستی دەزانێت كە ئەو هەڵبژاردنە چارەنووسسازە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دوور لە ساختەكاری و دەستتێوەردان ئەنجام بدرێت و هەرچی زووترە كۆتایی بهێنرێت بەو بۆشاییە دەستووریەی روویكردۆتە سیستەمی سیاسی هەرێم.

هەرلەو بارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختیكردەوە لەسەر هەڵوێستی راگەیەنراوی خۆی بۆ پێكهێنانی چوارچێوەیەكی نیشتمانی لەگەڵ لایەنە ناڕازیەكانی دەرەوەی دەسەڵات، بۆ ئەو مەبەستەش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەموو ئەولایەنانە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و هاریكاری هاوبەش لەو پێناوەدا..

لەتەوەریەكی تردا كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەڵوەستەی كرد لەسەر شەڕ و ئاڵۆزیەكانی ئەم رۆژانەی نێوان بزوتنەوەی حەماس و رژێمی ئێسرائیلی داگیركەر و جەختی كردەوە لەسەر پشتیوانی خۆی لەمافی رەوای گەلی فەلەستین بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و پیرۆزیەكانی موسڵمانان بە تایبەتی مزگەوتی ئەقسای پیرۆز كە ئەركێكی ئاینی و شەرعیە و روودەكاتە سەرجەم موسڵمانان.. هاوكات هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی راگەیاند بۆ دانیشتوانی كەرتی غەززە كە لە ژێر دڕندانەترین گەمارۆ و بۆردومانی ئاسمانیدان، ئەوەش ئەركێكی ئینسانی و ئەخلاقیە و روودەكاتە هەموو گەلانی جیهان..

هەرلەو بارەیەوە سەركردایەتی یەكگرتوو بە پێویستی دەزانێت كە دەوڵەتانی ناوچەكە كێشە و ناكۆییە ناوخۆییەكان بە رێگای سیاسی چارەسەربكەن و كۆتایی بهێنن بە پەنابردن بۆ هێز و توندوتیژی و وێرانكاری بە تایبەتی بەرامبەر گەلی كورد لە پارچەكانی كوردستان.

لە كۆتایی دا كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئیسلامی خۆی، هاوكات داكۆكیكردن لە خواست و خەمەكانی چین و توێژەكانی خەڵكی هەرێم بە گشتی بە ئەركی لە پێشینەی خۆی دادەنێت و هەموو هەوڵ و تواناكانیشی لەو پێناوەدا بەكاردەهێنێت.

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار