ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی: لە بایکۆت بەردەوام دەبین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی نارازی مامۆستایان راگەیاندراوێکی لەسەر بایکۆت بڵاوکردەوە و داوا لە مامۆستایان دەکات کە لە بایکۆت "بەردەوام بن" تا ئەو کاتەی پرسی مووچە چارەسەر دەبێت.
لە راگەیاندراوەکە ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی دەڵێت، "بەئومێدەوە درێژە بە بایکۆت دەدەین و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی دەنگی مووچەخۆران بە سەرجەم ناوەند و دەزگا پەیوەندیدارەکان تا ئەو کاتەی پرسی مووچە چارەسەری ریشەیی بۆ دەکرێت."
ئەنجومەنەکە باس لەوەش دەکات کە توانیویانە بە هۆی بایکۆت کردنەوە نارەزایەتی مامۆستایان بگەیەننە "نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو ناوەندە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان" و داوا لە مامۆستایان دەکات درێژە بە "نارەزایەتی و بایکۆت" بدەن.
لە سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندنەوە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و بەشێک لە سنوری دهۆک بایکۆتی خوێندنیان کردووە بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە.
