پێشەوا هەورامانی: گەر جموجوڵی چەکداری لەنێو کەمپی مەخمور نەبێت تورکیا بۆردومانی ناکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخمور رایگەیاند، ئەگەر کەمپەکە جوڵەی چەکداری تێدا نەبێت تورکیا بۆردومان ناکات، بەڵام ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور سوورە لەسەر ئەوەی کە جوڵەی چەکداری لە کەمپەکە نییە و تورکیا دەیەوێت "خەڵک بترسێنێت."
بەیانی ئەمڕۆ هەیینی تورکیا بۆردومانی کەمپی مەخموری کرد و لە ئەنجامدا ژنێک برینداربوو. بێوار ئەمین، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆمیتەی پەیوەندییەکان لە کەمپی مەخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، جگە لە برینداربوونی ئەو ژنە و سووتانی بەشێکی جەستەی "پێنج خانووی هاوڵاتی سڤیل کرایە ئامانج، بەو هویەوە زیانی زۆر بە خانووی ئەو پێنج هاوڵاتییە کەوت دەرگا و پەنجەرە وزۆر شتی تر شکان، جگە لەمەش پێداویستی ناو ماڵیان هەموو شکا."
ئەمە دووەم جارە لەم مانگەدا تورکیا هێرش دەکاتەسەر کەمپەکە و لە رۆژی 7ی ئەم مانگەش هیرشێکی بۆ سەر مزگەوتی کەمپەکە ئەنجامدا.
لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپەکە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "کەمپی مەخمور بیانووی داوەتە دەست لایەنی بۆردومانکەر، گەر جموجوڵی چەکداری لەنێو کەمپەکە نەبێت، تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆ بۆردومانکردنی کەمپەکە. کەمپەکە بۆ ژن و منداڵ دروستکراوە، حەق نییە جوڵەی چەکداری تیا هەبێت و تورکیاش ئەو گومانەی هەیە."
وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "ڕای حکومەتی هەرێم ڕوونە، دەبێت هەردوولا کێشەکان ببەنە دەرەوەی هەرێم. ئەرکی عێراقیشە بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی، ڕێگری بکات لەهێنانی بەریەککەوتن بۆ ناو خاکی کوردستان."
بەڵام بێوار ئەمین لەسەر جوموجوڵی چەکداری باس لەوە دەکات، "حکومەتی عێراق و یوئێنیش دەزانن، کەمپی مەخمور چەکداری تێدا نییە، تورکیا دەیەوێت خەڵک بترسێنێت و لە کەمپەکە دەرمان بکات."
