ئەمریکا باری نائاسایی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە
.png)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیدارەی ئەمریکا حاڵەتی باری نائاسایی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ساڵێکی دیکەش درێژکردەوە، کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەکاتی ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو.
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن بڕیاریداوە حاڵەتی باری نائاسایی لە رۆژئاوای کوردستان تا ١٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ درێژ بکرێتەوە.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری 13894ی درێژکردەوە، کە لە 14ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا، تایبەت بە هەڕەشەکان بۆسەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەرکراوە و بەشێکی تایبەتە بە دۆخی سووریا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
لە راگەێنراوێکی “توند”دا دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، کۆشکی سپی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە سەرۆکی ئەمەریکا هێرشەکانی تورکیا بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە دەبینێت.
ساڵی ٢٠١٩ ئیدارەی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان، باری نائاسایی نیشتیمانی لە سوریا راگەیاند و ھێرشەکەی ئەنقەرەی بە ھەڕەشە بۆسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوبرد، بەھۆی بڕیارەکەی ئەمریکاش ھێرشی زەمینی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان ڕاگیرا.
