سبەی گۆڕێکی نوێی بەکۆمەڵ لە شەنگال هەڵدەدرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سبەی یەکشەممە، تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق دەست بەکردنەوەی گۆڕێکی تازە دەکەن.

ئەوگۆڕە بەکۆمەڵە دەکەوێتە مەفرەقی ناحیەی گرعوزێر سەر بەقەزای شەنگال بەپێی قسەی شاهد حاڵەکان نزیکەی 12روفات لەگوڕەکەدا هەن، لەکاتی هێرشی داعش بۆسەرشەنگال لەلایەن چەکدارانی داعش بەچەندین رێگای جیاواز کۆژراون.

خەیری عەلی، بەرپرسی رێکخراوی بەتریکۆر بۆمافەکانی مرۆڤ لەشەنگال بە هاوڵاتی  وت"سبەی گۆرێکی تازە لەمەفرەقی گرعوزێر لەلایەن تیمی نیشتیمانی عێراق تایبەت بەهەڵدانەوەی گورە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدرێتەوە،  نزیکەی 12روفات لە گوڕەکەدا هەن"

خەیری عەلی ووتیشی" بەهەڵدانەوەی ئەو گۆڕە ژمارەی گۆڕەهەڵدراوەکان دەبن بە 42 گۆڕ لەکۆی نزیکەی 90 ، هاوکات هێشتا لە نیوە زیاتر ماوە هەڵبدرێنەوە ". 

بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، کە ئابی 2023 تۆمار کراوە، تاوەکو ئێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە.

بەپێی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بوون؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون ولەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون؛ 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.

لە ئامارەکەی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعشدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە شەهیدبوون نزیکەی 5000 کەسن.

ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش لە 3ـی ئابی 2014دا 550 هەزار کەس بووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار