پارێزگاری سلێمانی پەیامێک ئاڕاستەی مامۆستایانی ناڕازیی دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزگاری سلیمانی ڕایدەگەیەنێت، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و موچەی مامۆستایان خەرجبکات و دەشڵێت: داوا لە مامۆستایان دەکەم لەپێناوی نەوەی داهاتو دەست بکەنەوە بە دەوامی خوێندن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ مامۆستایان باسی له‌وه‌كرد، "هەوڵ و هیممەت و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و بەخششی بەردەوامی ئێوەی بەڕێز، لە هەمو سات و کات و سەردەم و قۆناغێکی ژیانی هەر یەکەمان و میللەتەکەشماندا؛ هەمیشە شایانی ڕێزو وەفاو ئەمەکداریی هەمومانە، مافی ئێوەی بەڕێزو سەرجەم موچەخۆرانی تریش؛ مافێکی سروشتیی و یاسایی و کەسیی هەریەکەمانەو، نکۆڵیی لە کەمتەرخەمیی و خراپئی دارەدانی وڵات و دارایی و زامننەکردنی یاساییانەو ئاساییانەی موچەو بوجە؛ لە هەردو حکومەتی ئیتحادیی و هەرێمی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ناکرێت".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، د. هەڤاڵ دەشڵێت:سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندکار؛ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکاندا؛ چاویان لە دەستێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، موچەو ماف و شایستە داراییەکان بە یاسا نابێت زایەبن و لە هەر دۆخێکدا دەبێت قەرەبووبکرێنەوە، ئەوەی قەرەبووناکرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارە کە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپئیدارەدان بنەبڕبکات.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی د. هەڤاڵ ئەبوبەکردا هاتوه‌، "لە ساڵی 2003وە موچە لە عێراقدا مانگانە دەدرێت، بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بەرەو نەخوێندەواریی ڕۆیشتون، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیامداریی پێش هەر دەسکەوتێکی ترە، بەهەوڵی زانایانەو جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردەو فێرکردن و کەمترین ڕێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمی هەمو عێراقە، وەک هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق وتی، مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت".

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ده‌شڵێت، "بۆیە بە ناوی هەمو خەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەین دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوەو پۆلەکانی خوێندن گەرمبکەنەوە، تەنها لە پێناوی نەوەکانمانداو هیچی تر".

پارێزگاری سلێمانی داوا لە حکومەتی ئیتحادیی دەکات کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵک و موچەو بوجەی هاووڵاتیان تێکەڵ بە هیچ دۆسییەیەکی تر نەکات، بەردەوام بونی حکومەتی ئیتحادیی لە خەرجنەکردنی موچەو مافە داراییەکانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا؛ تەواکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە، کە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراقدا؛ بە تاوانی ناساندووە.

داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتیی و بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و موچەی بەردەوامی کەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبکات و خەرجبکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار