تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی تورکیا لەڕێگەی کۆمپانیای بوتاشەوە نامەیەکیان ئاڕاستەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق کردوە کە هێڵی نەوتی عێراقی- تورکی ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ماڵپەڕی "Iraq oil report" بڵاویکردەوە، کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکانی حکومەتی تورکیا "بۆتاس" نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سومۆ" کردوە و تێیدا هاتوە، پێتان رادەگەینن کە هێڵی بۆرییەکانی ITP (هێلی بۆرییەکانی نێوان عێراق و تورکیا) بۆ گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە رۆژی 4ی مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵەوە بۆرییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئامادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی بەشداریکردن لە کۆنگرەی وزە لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: حکومەتی تورکیا بە فەرمی بە حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندوە کە ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانن.

پێشتریش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری رایگەیاند، کێشەکانی دەستپیکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە نێو بەغدایە نەک تورکیا، تورکیا دوای ئامادەکارییەکانی خۆی رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت بڕی ئەو پارەیەیە کە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت تەرخانکراوە، بۆ نمونە کۆمپانیاکانی کێلگەی نەوتی گەیارە بڕی 30 دۆلاریان بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بۆ تەرخانکراوە، بەڵام کۆمپانیاکانی هەرێم تەنها شەش دۆلاریان بۆ دابینکراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار