مەسعود حەیدەر: حکومەتی عێراق هیچ ئامادە نییە پارە راستەوخۆ بۆ پارێزگایەکی هەرێم بنێرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، رایگەیاند عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ پاریزگایەکی عێراق بنێرێت و حکومەتی وڵاتەکە هیچ "ئامادەییەکی نییە" کارێکی لەو جۆرە بکات.
ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵی ئەوە دەدرێت کە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لە هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا و راستەوخۆ لە بەغداوە بنێردرێت. سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان جگە لە فراکسیۆنی پارتی ئیمزایان لەسەر یاداشتیک کردووە کە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب ئەو بابەتە بکەنە پرۆژە یاسایەک.
لەوبارەیەوە مەسعود حەیدەر رایگەیاند، "من دەزانم کە خەڵک لە کێشەدان بەهۆی مووچەوە و هیوا لەسەر هەر چڵەدارێکیش هەڵدەچنن کە بۆیان بکرێت، بەڵام عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ پارێزگایەک بنێرێت و بە هیچ شێوەیەک ئامادەیی نییە" ئەو کارە بکات.
مەسعود حەیدەر باسی لەوەشکرد لە ساڵی 2016 هەوڵێکی هاوشێوە هەبووە و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە کە "ئەوە کاریکی نادەستوورییە" و ئەبێت "هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە" دواتر هەر چوار پاریزگاکە دەتوانن داوای شتێکی لەو جۆرە بکەن.
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت، "من نامەێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئومێدێکی هیچەوە هیوا هەڵبچنێت چونکە حکومەتی عیراق ناتوانێت مووچە راستەوخۆ بۆ پارێزگایەکی عیراق بنێرێت."
لە چەند رۆژی رابردوودا یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق، بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەموو کارێک دەکەن تا یاداشتەکە بکەنە پرۆژەیاسا و دواتریش مووچە راستەوخۆ لە هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ عێراق تا مووچەخۆرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
