بەهۆی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سکاڵا لەسەر سوودانی تۆمار دەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حیزبێکی عێراقی سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکرد.
بڕیارە دادگای فیدراڵیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقیەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە، بکات.
لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوایکردووە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە، جێبەجێ بکات و حکومەتی فیدراڵی پابەند بکات بە پابەندبوون بە وادەی پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵیە و لەساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە.
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەسەر پرسی مووچە و چەندین پرسی دیکە کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ زیاتر لە 200 ڕۆژ ، مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندیش بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکدی لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.
