لاهور شێخ جەنگی: "کەمال کەرکوکی بەرلەوەی پێشمەرگە لە کەرکوک بکشێتەوە سەنگەرەکانی بەجێهێشتبوو"

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لاهور شێخ جەنگی لەمیانی چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەدا کە زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر لەگەڵ کەناڵی ڕووداو ئەنجامیداوە، لەبارەی روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر قسەدەکات و دەڵێت،""کەمال کەرکوکی بەرلەوەی پێشمەرگە لە کەرکوک بکشێتەوە سەنگەرەکانی بەجێهێشتبو و تەنانەت چەک و تەقەمەنیەکەی بەجێهێشتبو".
ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگییەوە گرتە ڤیدیۆی چاوپێکەتنێکی ئەو کەسایەتییە سیاسییە بڵاوکرایەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا لاهور شێخ جەنگی لەسەر ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر قسە دەکات کە تیایدا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر کەرکووک و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی پێشمەرگەدابوو دەیپاراستن، دەستیان بەسەردا گیرا.
لە چاوپێکەوتنەکەدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، "16ی ئۆکتۆبەر شەڕی پێشمەرگە بو بەرامبەر بە هێزێکی مەزهەبی دڕ کە بریتییە لە حەشدی شەعبی، بە دڵنیاییەوە بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگە توانای بەرگریکردنی لە کەرکوک نەبو."
ئەوەشی ڕونکردەوە کە شانزەی ئۆکتۆبەر یەکێک بوو لە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم و وتی،" "زۆربەی وڵاتانی جیهان پێیان وتین کە ریفراندۆم لەم کاتەدا هەڵەیە، هەڵوێستی وڵاتانیشم لەسەر ئەو پرسە بە بەرپرسانی یەکێتی وەک کۆسرەت رەسوڵ وت، بەڵام ئەوان وتیان لەوانەیە تورکیا گلۆپی سەوزی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای پارتی داگرساندبێ و دیارە پشتیوانی لێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دواتر سەردانی تورکیام کرد و چاوم بە هاکان فیدان کەوت و پرسیاری هەڵوێستی ئەوان لەسەر ریفراندۆم کرد، هاکان فیدان پێی وتم وتە توندەکانی ئەردۆغان دژی ریفراندۆم هێشتا کەمە و کارەساتی گەورەتر بەسەر هەرێم دێت ئەگەر ریفراندۆم بکەن."
لاهور شێخ جەنگی لە باس لە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژێک پێش شانزەی ئۆکتۆبەر دەکات و دەڵێت لەگەڵ هێرۆخاندا (خێزانی مام جەلال) لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی پێشوی قودس کۆبونەتەوەو پێی گووتون "بەهۆی ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامدراوە حکومەتی تورکیا و ئێران و عێراق رێککەوتون، کەرکوک و خانەقین و شەنگال لە دەست هەرێم وەردەگیرێت" ، هاوکات باسلەوەشدەکات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە بەرامبەردا وتی، "ئێمە پشتی مەسعود بارزانی و پارتی بەرنادەین."
ئەوەشی خستەڕو، "لە کۆبونەوەیەکی دیکە قاسم سولەیمانی دوبارە هۆشداریدا کە لە سبەینێەوە حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک، بۆیە لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیم بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کرد و پێی وتم لە دەست من نەماوە و تورکیا و ئێران و نزیکەکانی قاسم سولەیمانی بڕیاریان داوە، بڕۆ لەگەڵ هادی عامری قسە بکە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رۆژی 14ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) لەگەڵ ئاراس شێخ جەنگی چوینە کەرکوک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هادی عامری، کاتێک لە کەرکوک دەرچوم بینیم زرێپۆش و تانکی عێراقی بەرەو کەرکوک دەڕوات، کاتێک گەیشتینە شوێنی کۆبونەوە داوای ئاگربەستمان کرد و هێزەکانی عێراقمان قایلکرد تاوەکو 15ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) ئاگر بەست راگەیەنرا."
سەبارەت بە ڕوداوەکانی ڕۆژیک پێش شانزەی ئۆکتۆبەر لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، "لە شەوی 15ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی لەسەر ریفراندۆم ئەنجامی نەبو و هێزەکانی عێراقیش بەرەو کەرکوک بەرێکەوتن، برێت مەکۆرگیش وتی بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ کەرکوک دەکەین و هەر کەسێک فیشەکی یەکەم بتەقێنێت ئەو خەتابارە، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک کشێندرایەوە و 16ی ئۆکتۆبەری بەدوادا هات."
