ڕێکخراوێکی ئەمریکی: لەم ساڵدا بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی ، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی تورکیای بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەریمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ئەو داوات و زانیارییانەی ئەو ڕێکخراوە بڵاویکردۆتەوە ، لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، تاوەکو ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.

دەشڵێت: ٦ لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و ١ هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان شەهید بوون.

سەبارەت بە بریندارەکان CPT باسی لەوەکردووە: لەناو بریندارەکانیشدا، ٢ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی تورکیا و ٩ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١ هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەدا باس لە شوێنی بۆردومانەکان کراوە و دەڵێت: لەلە ناوشەهیدەکاندا، ٣ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و ٦ هاوڵاتی تر لە ناو ئۆتۆمبێل و ١ هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون، هەرچی بریندارەکانیشن، ٢یان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا و ٥یان لە ناو ئۆتۆمبێل و ٣یانیان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و ١ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و ١ هاوڵاتی تریش لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون.

سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی کەوتۆتەوە، لە پارێزگای دهۆک ٤ شەهید و ٢ بریندار، لە پارێزگای هەولێر ١ شەهید و ٨ بریندار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ٥ شەهید و ٢ بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراون.

ئەو ڕێکخراوەو ئەمەریکییە دەڵێت: " سوپای تورکیا، لە درێژکراوی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قوڵاییەکی زیاتر و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا-عێراق، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجدەگرێت."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار