وردەکاریی سەردانەکەی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغداد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، شاندی حکومی هەرێم گەیشتوەتە بەغدا و سبەینێ لەگەڵ وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، لە کۆبونەوەکەش کێشەکانی پەیوەست بە پرسی موچە و بودجە تاوتوێ دەکرێت، هەروەها پاکتاوی دارایی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ و ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ حکومەتی عێراق دەخرێتە ڕو.
وەزارەری دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی حکومی هەرێم بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردوە،لە کۆبونەوەکەدا زانیاری تەواو لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023 و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدەینە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن وەفدی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی کراوە.
باس لەوەشکراوە، شاندی حکومی هەرێم پێکهاتوە لە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و ژمارەیەک راوێژکار.
