وەزارەتی دارایی عێراق: 700 ملیارەکە دەنێرین و نوسراومان بۆ کردووە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە وەزارەتەوە نوسراویان ئاڕاستە کردوە بۆ ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بە شێوەی قەرز، بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیاردرا بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ناردنى ئەم بڕە پارەیە لەسەر راسپاردەى محەمەد شیاع سودانى بوە و لەبەر رۆشنایی یاساى بودجەى فیدراڵ ژمارە 13ـى 2023، کە تێیدا زامنى شایستە داراییەکان کراوە بۆ ئەو کەسانەى شایستەن.

جەختیش دەکاتەوە لەوەى کە حکومەتى عێراق داواکارى موچەخۆرانى هەرێم و چاکسازیی دارایی لەبەرچاو دەگرێت بە ئامانجى برەودان بە گەشەى ئابورى وڵاتەکە.

لە ماوەی رابردو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا رێککەوت بۆ ناردنی بڕی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە شێوەی قەرز و بە سێ گوژم، بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی (تەمموز/7) و (ئاب/8) و (ئەیلول/9)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەم 700 ملیار دینارەى ئەمڕۆ رەزامەندى لەسەر ناردنى درا کۆتا قەرزە و حکومەتى هەرێمیش لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنى سێ قەرزى دیکە بۆ موچەى مانگەکانى (10 و 11 و 12).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار