میران بەکر وازی لە یەکێتی هێنا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزێکی چەکداری یەکێتییەوە هێرشکرایە سەر میران بەکر، ڕۆژنامەنووس و کادیری پێشکەوتووی ئەو حزبە، لە کاردانەوەی دا ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبەکە ڕاگەیاند.
دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەنووس میران بەکر، لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە پەرەی فەیسبووک ڕایگەیاند: دوای 20 ساڵ لە نێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بەخشینی تەمەنی گەنجی بەو حزبە، بەڵام لە باتی وەفا و ڕێزگرن لە ماندووبوون لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە بەشێوازێکی نەشیاو ڕووبەڕووی بێڕیزی کرامەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، کەرامەتی خۆم و خێزانەکەم لە سەرووی هەموو پلە و پۆست و ئینتیمایەکی سیاسییەوەیە، و ئامادەنیم یەک چرکە لە شوێنێکدا بمێنمەوە، کە شکۆی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت.
دەقی دەستلەکارکێشانەوەی میران بەکر
(نامەی دەست لە کارکێشانەوە)
۲۰ ساڵ تەمەنم بەخشی، بەڵام کەرامەتم نابەخشم !
«لێدان چارەسەر نییە، نیشانەی ترس و شکسته.»
ژیانئاوا ( سەرۆک مام جەلال)
دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە (۲۰ ساڵ) لە تەمەن و گەنجێتیم لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کە تێیدا بە دڵسۆزی و پاکی ئەرکەکانم ڕاپەڕاندووە، بیست ساڵ لە هەڵکشان و داکشان، لە سارد و گەرمی، لە بەخشینی گەنجێتی و وزەم لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ئەمڕۆ ئەم کاروانە کۆتایی پێدەهێنم.
جێهێشتنی ئەم حزبە بۆ من، تەنها جێهێشتنی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکو جێهێشتنی بەشێکی گەورەی تەمەن و یادگارییەکانمە. بەڵام کاتێک وەک پاداشتی ئەو هەموو ساڵەی خزمەت و وەفا، لەبری ڕێزگرتن لە ماندووبوونەکانم، لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە بە شێوازێکی نەشیاو ڕووبەڕووی لێدان و بێڕێزی و ئیهانە بوومەوە.
ئیتر ، کە کار گەیشتە ئەوەی لە ناو حزبێکدا پەنا بۆ "دەمامک" دەبرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کادیرە دڵسۆزەکان، ئەوا زمانێک بۆ گفتوگۆ و مانەوە نامێنێتەوە. کەرامەتی من و خێزانەکەم لە سەرووی هەموو پلە و پۆست و ئینتیمایەکی سیاسییەوەیە، و ئامادەنیم یەک چرکە لە شوێنێکدا بمێنمەوە، کە شکۆی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت.
لێرەشەوە بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەمەوە:
ـ بڕیاری وازهێنانم بڕیارێکی کۆتایی و بێگەڕانەوەیە.
ـ لە داهاتوودا کار بۆ هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی ناکەم.
من تەمەنێکم لەپێناو فکرەیەکدا بەسەر برد، ئێستاش دەمەوێت، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و دوور لە جەنجاڵی سیاسیی، تەنها ڕێزی خۆم و مێژووەکەم بگرم.
بۆ من، ۲۰ ساڵ خزمەت شانازییە، بەڵام بێدەنگبوون لە ئاست سوکایەتیکردن بەو مێژووە، شکاندنی خودی خۆمە. بۆیە لێرەدا خاڵی کۆتایی دادەنێم و سەربەخۆیی خۆم ڕادەگەیەنم.
لەگەڵ ڕێزدا..
رۆژنامەنووس
(میران بەکر پاڵانی )
٢٢ / ١٢ / ٢٠٢٥
هەولێر
