هاوپەیمانان چاودێری پرۆسەی چاکسازی دەکەن؛ شۆڕش ئیسماعیل داوای دروستکردنی هێزێکی "نیشمانی تۆکمە" دەکات
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند پێویستە لەگەڵ "دۆستەکانمان" هەوڵبدەین هێزەکانی پێشمەرگە رێکبخەینەوە لەپێناو دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی، دەشلێت، "ویست و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بەرامبەر پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا."
ئەمڕۆ 10ی کانونی یەکەمی 2023، شۆڕش ئیسماعیل سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا باس لە پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
لە کۆبونەوەکەدا، کە جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان تێیدا بەشداربوو، شۆڕش ئیسماعیل وتی، "بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دۆستەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانان، هەوڵبدەین هێزەکان رێكبخەینەوە بە ئامانجی دروستبوونی هێزێکی نیشتیمانی تۆکمە و رێکخراو، خاوەن دیسپلینی سەربازی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کە ساڵانێکە لەم پێناوەدا هەوڵی جددی بۆ دەدەین."
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، "دڵخۆشین، ویست و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بەرامبەر پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا."
بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، جەنەڕال مەکێنزی دڵخۆشی خۆی دەربڕیووە لە خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رایگەیاندووە چاودێری وردی پرۆسەکە دەکەن و هیوایان وایە هێزی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی باڵا.
بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان باسی لەوەش کردووە، "ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەم پێناوەشدا پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرنگ و ستراتیژی دادەڕێژین."