وەزارەتی دارایی: گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دینارمان واژۆ کرد
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناریان واژۆ کردووە و چاوەڕێ دەکەن لە "داهاتوویەکی نزیکدا" ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت.
وەزارەتی دارایی لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ 10 کانونی یەکەمی 2023، گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناریان وەک قەرز لەرێگای بانکی رافیدەینەوە واژۆ کردووە.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "چاوەڕوانین لە داهاتویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."
ئەو 250 ملیار دینارە بەشێکە لە 700 ملیار دینارە قەرزەکەی بەغدا کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت و دواین گوژمەی 700 ملیارییە کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی عێراق دەنێردرێت. بەهۆی دواکەوتنی ناردنی ئەو بڕە پارەیەوە هێشتا مووجەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی ئەیلولییان وەرنەگرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیاردرا بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەک کە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم قسەی بۆ هاوڵاتی کردووە، تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ راگەیاندنی لیستی مووچە نەکراوە.