مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی داوایەك لە حكومەتی عێراق دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەبەیاننامەیەكدا داواكارییەك ئاڕاستەی حكومەتی عێراق دەكەن و داوا دەكەن پەنا بەرێتە بەر جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەمی مادەی ١٣ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق كە زامنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ناڕازیی دەكات.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەبەیاننامەیەكدا نوسیویانە: لە ئێستادا خەباتی مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێی كاریگەرەوە، ئەم كاریگەربوونەش وایكردوە دەسەڵاتە شكستخواردووەكە هەموو ڕێگاكان بگرێتەبەر بۆ لاوازكردنی ئەم خەباتە مەدەنییە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو: ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لێرەوە جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە، هەرگیز سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانمان ناكەین و بەردەوامیی بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكانمان دەدەین، چونكە پێمان وایە ئەگەر لە ئێستادا پرسی مووچە لە بەغدادەوە چارەسەر نەكرێت، ئەوا لە ئایندەدا قەیرانەكان و بێ مووچەیی زیاتر دەبێت و ژیانی خەڵك ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر دەبێتەوە.
"ئێمە وەك چۆن پێشتر باكمان بە فشار و چەواشەكاریی و سزادانی ئیداریی و دارایی و هەڕەشەكانی دەسەڵات نەبووە، بۆ لەمەودواش ئاوڕیان لێنادەینەوە و بە ورەیەكی بەهێزترەوە بەردەوام ئەبین لەم خەباتە مەدەنییە فراوانە. لێرەشدا جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو بەڕێوەبەرە بەڕێزانەش بكەین، كە لەسەر هەمان رێبازیی هاوپیشەكانیان، نەچوونە ژێر باری فشارەكانی رۆژانی رابردووی دەسەڵاتەوە و پەیمانی بایكۆتییان نوێ كردەوە". مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی وادەڵێن.
باس لەوەشدەكەن "دوای ٧٦ ڕۆژ لە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەكان، ئەوە ڕوون بۆتەوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم باكیان بە پەكەوتنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن نییە، بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای كۆیەی سەربە پارێزگای هەولێر".  
مامۆستایانی ناڕازی داواكارن حكومەتی عێراقی پەنا بەرێتە بەر جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەمی مادەی ١٣ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق  بەوتەی ئەوان " زامنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ناڕازیی دەكات، بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی پەروەردە و مووچەی مووچەخۆران نەبێتە قوربانی بێ باكیی و گەندەڵیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان".
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی  جارێكی تر، جەخت لە داواكارییەكانیان دەكەنەوە و بەمشێوەیە لەچەند خاڵێكدا نوسیویانە:
١. دەسپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران
٢. دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
٣. دیاری كردنی چارەنوسی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ
٤. دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان
٥. دابەشكردنی مووچەكانمان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومیەكانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
لە كۆتاییشدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنن "درێژەدان بە ناڕەزایەتیەكان زامنی چارەسەر بوونی ڕیشەیی كێشەكانمانە ،بۆیە بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانمان ناكەین و درێژە بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكان دەدەین و بە هەمان گڕوتینی ڕابردوەوە. هەوڵەكانمان لە بەغداد چڕتر دەكەینەوە تا خواستەكانمان دەبنە خەمی بەرپرسانی وڵات و چارەسەر دەكرێن".
 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار